سێ سەرۆک و بریکاریی سەرۆکی شارەوانییەکی سەر بە جەهەپە دەستگیرکران – نوێکرایەوە

لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکاندا بۆسەر گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ، سێ سەرۆکشارەوانی و بریکاری سەرۆکشارەوانییەک کە سەربە جەهەپەن، دەستگیرکران.
بەیانیی ئەمڕۆ (شەممە 5ـی تەمموز) لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکاندا بە تۆمەتی گەندەڵی لەناو گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ هەریەک لە زێدان کارالار، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەدەنە، عەبدولرەحمان توتدەرە، سەرۆکی شارەوانیی سەمسور، موحیدین بۆجەک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنتاڵیا، ئەحمەد شاهین، بریکاری سەرۆکی شارەوانیی بویوکچەکمەجە، دەستگیرکران.
لە پاش ئۆپراسیۆنەکانیش، ئەنجوومەنی ناوەندیی بەڕێوەبردنی جەهەپە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازکردووە.
زەلیها ئاکساز شاهباز، یاریدەدەری سەرۆکی جەهەپە لەبارەی ئۆپراسیۆنەکانەوە رایگەیاند: "هەموو ئەمانە شەپۆلێکی نوێ و توندی ئەو کودەتایەن کە لە 19ـی ئازاردا بە دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو دەستیپێکرد و بەردەوامە، لە بەرامبەر کودەتاکەتاندا پشتیوانیی سەرۆکشارەوانییەکانمانین".
لای خۆیەوە پارتی دەم ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆپراسیۆنەکان هەنگاوێکی نوێی دەسەڵاتن بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن لەرێگەی دادگاوە.
پارتەکە دەڵێت، ئۆپراسیۆنەکان بە پاڵنەری سیاسیی ئەنجامدراون و مایەی قبوڵکردن نیین، پارتی دەم ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کارانە وادەکات هەوڵەکانی بنیادنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی ببنە جێگەی مشتومڕ و ئەوەش قبوڵنەکراوە.
19ـی ئایار ئۆپراسیۆنەکان بۆسەر گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ کە بەدەست جەهەپەوەیە، بە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، دەستیپێکرد و تاوەکو 31ـی ئایار پێنج ئۆپراسیۆن بۆسەر شارەوانییەکە ئەنجامدرا و سەدان کەس دەستگیرکران.
1ـی تەمموزیش ئۆپراسیۆن بۆسەر گەورەشارەوانیی ئیزمیر ئەنجامدرا و 120 کەس دەستگیرکران و دواتر 60 کەسیان بەندکران.
رۆژی 4ـی تەمموزیش ئۆپراسیۆن بۆسەر شارەوانیی ماناڤگاتی سەربە ئەنتاڵیا ئەنجامدرا و 34 کەس دەستگیرکران کە سەرۆکی شارەوانی و یاریدەدەرانی تێدایە.
بەوشێوەیەش ژمارەی سەرۆکشارەوانییە بەندکراوەکانی جەهەپە بۆ 11 و ژمارەی سەرۆکشارەوانییە راگیراوەکانی پارتەکە بۆ پێنج کەس بەرزبووەوە.
05/07/2025