فلیک لە بڕیارەکەی ویلیامز بێهیوا بووە بەڵام پلانی چییە؟

نیکۆ ویلیامز بڕیاریدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیک بلباو بۆ ماوەی 10 ساڵ و تاوەکو ساڵی 2035 نوێ بکاتەوە، بەمەش هاندەران و ئیدارەی بەرشلۆنەی بێهیواکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، هانسی فلیک پێشتر دڵی بە گواستنەوەی نیکۆ ویلیامز نەبووە، بەڵام چونکە ئیدارەی یانەکە مکوڕ بوون لەسەر هێنانی، بۆیە رازیبووبوو، ئەگەر نا فلیک لە سەرەتاوە ئامانجێکی دیکەی هەبوو.
تۆتۆ کۆستا، رۆژنامەوان لە رادیۆی کەتەلۆنیا دەڵێت، بەڵێ فلیک بێهیوا بووە لە بڕیاری مانەوەی ویلیامز لە ئەتلەتیک بلباو، بەڵام لەهەمان کاتیشدا پلانی دیکەی هەیە.
هەر لە سەرەتای میرکاتۆی زستانەدا، فلیک پێشنیاری گواستنەوەی هەریەکە لە ئەدیمۆلا لۆکمان، یاریزانی ئاتالانتا، هەروەها جەمال موسیالا، یاریزانی بایرن میونشن کردووە، بەڵام ئەدیمۆلا لە پلانی ئیدارەی بەرشلۆنە نەبووە و موسیالاش ئامادەنییە بایرن بەجێبهێڵێت و نرخیشی زۆر بەرزە و لەگەڵ بارودۆخی دارایی بەرشلۆنە ناگونجێت.
لەوانەیە دوای رووداوەی ویلیامز، بەرشلۆنە لەسەر قسەی هانسی فلیک بیر لە ئەدیمۆلا لۆکمان بکاتەوە و ئۆفەری پێشکەش بکات، کە نرخی لە بازاڕی گواستنەوە بە 60 بۆ 65 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵینرێت.
دوای بێهیوا بوون لە نیکۆ ویلیامز ، ئێستا چەند بژاردەیەکی دیکە و چەند هێرشبەرێک لەبەردەم یانەکەی کەتەلۆنیا ماوە، کە بریتین لە: لویز دیاز لە لیڤەرپووڵەوە، مارکۆس راشفۆرد لە مانچیستەر یونایتدەوە، ئەدیمۆلا لۆکمان لە ئاتالانتاوە