لیڤەرپووڵ لە بەرامبەر دیۆگۆ جۆتا بەوەفا دەمێنێتەوە

لە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی پێشوو، 3ـی 7، دیۆگۆ جۆتا، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپووڵ و هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە رووداوێکی هاتوچۆدا خۆی و براکەی گیانیانلەدەستدا و وە ماتەمینیش بۆ گیانی کۆچکردووی ئەو یاریزانە بەردەوامە.
جۆتا کە تەمەنی 28 ساڵ بوو، لەگەڵ ئاندرێ سیلڤای برای کە 26 ساڵ بوو، لە ئیسپانیا و لە ناوچەی زامورا کە نزیکە لە سنووری پۆرتوگالەوە تووشی روداوی هاتوچۆ بوون و ئۆتۆمبێلەکەیان سووتا و دەستبەجێ هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.
لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا ئازارێک بوو بۆ یانەی لیڤەرپووڵ کە هەرگیز کۆتایی نایەت، یانەکە لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا گووتی، درێسی ژمارە 20ـی جۆتا لە مۆزەخانەی یانەکە هەڵدەگرن و دەیهێڵنەوە وەکو خۆی، کە هیچ یاریزانێکی دیکە نایپۆشێت.
هەروەها لیڤەرپووڵ مووچەی دوو وەرزی گرێبەستەکەی جۆتا پێشکەشی خێزانەکەی و منداڵەکانی دەکات، کە خۆی خاوەنی سێ منداڵە و بەم دواییانەش هاوسەرگیری لەگەڵ رووت کۆردۆسۆ ئەنجامدا.
گرێبەستی جۆتا تاوەکو 2027 بەردەوام دەبوو ئەگەر لە ژیاندا بمایە، مووچەی ساڵانەشی بە 7 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت و کۆی گشتی داهاتەکەی 25 بۆ 30 ملیۆن یۆرۆیە.

05/07/2025