نهێنیی شارستانییەتێکی دێرین لە سعودیە ئاشکرا بوو

دۆزینەوەیەکی نوێ لە شانشینی سعودیە، چەند نهێنییەکی گەورە ئاشکرا دەکات سەبارەت بە شێوازی ژیانکردنی مرۆڤەکان لە بیابانەکانی وڵاتەکەدا.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی شوێنەواریی لە سعودیە، بیابانی ئەم وڵاتە، لە سەردەمە کۆنەکاندا، تەنها پێگەی ژیان و ژیاری هۆزە کۆچەرییەکان نەبووە و شارستانییەتی بەرەوپێشچوو و ئاڵۆزیشی لەخۆگرتووە.

تاوەکو ئێستا باوەڕ وابوو، مرۆڤەکان لە بیابانی سعودیە، تەنها بەشێوەی کۆچەریی ژیاون، بەڵام بەگوێرەی ژمارەیەک لەو شوێنەوارانەی دۆزراونەتەوە، دەرکەوتووە بەنزیکەی چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر، شارۆچکە و سیستمی بەڕێوەبردنی بەرەوپێشچوو و ئاڵۆز لە ناوچەکەدا هەبوون و وەکو شارستانییەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەشونمایان کردووە.

ئەو شوێنەوارەی دۆزراوەتەوە، گوزارشت لە ریزێک دیواری بەردین دەکات، کە بەشێکیان 14 کیلۆمەتر درێژدەبنەوە و پانییەکەیان دوو مەترە، لەنێوان ساڵانی 2250 بۆ 1950ـی پێش زاین بنیادنراون.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەدەن؛ ئەم دۆزینەوەیە، سەر لەبەر نووسینەوە و تێگەیشتن لە مێژووی سعودیە نوێدەکاتەوە، دەروازەیەکی گەورە بەڕووی لێکۆڵینەوەکانی داهاتوودا دەکاتەوە.