خانمان چۆن دەتوانن بزانن ژمارەی پێویست لە هێلکەیان هەیە بۆ دووگیانبوون؟

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. تاڤان فاتیح مەعروف، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی، باسی لەو هۆرمۆنە کرد کە بەرپرسە لە زۆری و کەمیی هێلکە لە هێلکەدانەکاندا و دیاریدەکات کە ئایا خانمان دەتوانن منداڵیان ببێت یان نا.
پزیشکەکە ئاماژەی بەوەکرد کە یەکێک لەو هۆرمۆنانەی پزیشکان پشتی پێدەبەستن لەوەی بزانن کە ئایا خانمان ژمارەی پێویست لە هێلکەیان هەیە بۆئەوەی بتوانن دووگیان بن یان نا، ئەویش هۆرمۆنی ئەنتیمولەریانە کە هۆرمۆنێکە لە هێلکەدانەکاندا دروستدەبێت.
کەمیی ئەم هۆرمۆنە واتای کەمیی ژمارەی هێلکەکان لە هێلکەدانەکاندا دەدات، ئەم هۆرمۆنە لە پیاوانیشدا هەیە، بەڵام لە منداڵییاندا رۆڵی خۆی دەبینێت، سەبارەت بە خانمان، ئەم هۆرمۆنە لە تەمەنی پێگەیشتنەوە رۆڵی خۆی دەگێڕێت.
کەمیی ژمارەی هێلکە لە هێلکەدانەکاندا هۆکارێکی سەرەکیی نەزۆکییە، هەربۆیە لەڕێگەی پشکنینی ئەم هۆرمۆنەوە پزیشکان ئەگەری دووگیانبوونی خانمانیان بۆ دەردەکەوێت.
لەگەڵ کەمییدا، زۆریی ئەم هۆرمۆنەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ نەزۆکی، بۆ نموونە لە نەخۆشیی کۆنیشانەی فرەکیسیی هێلکەداندا ئەم هۆرمۆنە بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ نەزۆکی.
لەو خانمانەشی ئەم هۆرمۆنەیان لە ئاستێکی ئاساییدایە، بەبێ گرفت دەتوانن دووگیان بن.
گرنگە بزانرێت کە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا رێژەی ئەم هۆرمۆنەش بەرەو کەمی دەڕوات، واتە لەگەڵ بەتەمەنچووندا ژمارەی هێلکەکان لە هێلکەدانەکاندا کەمدەبێتەوە و ئەگەری دووگیانبوونی خانمان کەمدەبێتەوە.
هەندێجار رێژەی ئەم هۆرمۆنە بۆ دەستنیشانکردنی نزیکیی خانمان لە تەمەنی نائومێدییەوە بەکاردەهێنرێت، واتە تاوەکو هۆرمۆنەکە کەمبێت، خانمەکە لە تەمەنی نائومێدییەوە نزیکترە.
پشکنینی ئاستی ئەم هۆرمۆنە لەو خانمانەشی دەیانەوێت بە رێگەی بلوری منداڵیان ببێت بەکاردێت، واتە پزیشکان دەتوانن بەم پشکنینە بزانن کە ئایا ژمارەی هێلکەکان دەبێتە رێگر لەبەردەم سەرکەوتنی پرۆسەکەدا یان نا.
05/07/2025