ئیسرائیل بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر باشووری لوبنان

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر خانوویەک لە ناحیەی شەبعا لە باشووری لوبنان بەهۆیەوە سێ کەس بوونە قوربانى.
بە گوێرەى ئاژانسی فەرمیی هەواڵی لوبنان، وەزارەتى تەندروستى لوبنان، رایگەیاندووە، سوپاى ئیسرائیل، لە رێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە، بۆردوومانى ئۆتۆمبیلێکى لە ناوچەى بنت جەبەل کردووە، بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و دووانى دیکەش بە سەختى برینداربوون.
لە ماوەکانى پێشتریشدا، وەزارەتى تەندروستىی لوبنان، بڵاویکردەوە، لە ناوچەى شەبعاى لوبنان، لە هێرشێکى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئیسرائیلدا، بۆسەر ماڵێک، بەهۆیەوە کەسێک بە سەختى برینداربووە.
رۆژى پێنجشەممەى رابردووش، لە بۆردوومانێکى ئیسرائیل بۆسەر ئۆتۆمبیلێک لە دەروازەى باشوورى بەیروت، بەهۆیەوە کەسێک کوژراو سێ کەسی دیکەش برینداربوون، لایخۆیەوە سوپاى ئیسرائیل ئاشکرایکرد، بۆردوومانى کەسێکیان کردووە کە تیرۆریست بووە و کارى بۆ کۆمارى ئیسلامیی ئێران کردووە.
سەرەڕای ئەو ئاگربەستەی لە 27ی تشرینی دووەمی 2024دا لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان چووە بواری جێبەجێکردنەوە، رۆژانە هێرشە ئاسمانیی و زەمینییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوامە، بە گوێرەى زانیاریی ناوەندە فەرمییەکانى لوبنان، 213 کەس گیانیان لەدەستداوە و 508 کەسیش برینداربوون.
هەرچەندە سوپای ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنان کشاوەتەوە، بەڵام بەردەوامە لە داگیرکردنی پێنج لووتکەی ستراتیجی کە لە پێکدادانەکانی ئەم دواییەدا دەستی بەسەردا گرتوون.
05/07/2025