شاندێکى پارتی دەم سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات

شاندی پێشتری پارتی دەم
شاندی پێشتری پارتی دەم

شاندێکى پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان "پارتی دەم" بۆ بەشدارى لە یەکەمین رێوڕەسمى چەکدانانى ئەندامانى پەکەکە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات.

پارتی دەم، لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە ئاماژەى بەوەکرد، لە پرۆسەى "ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی"دا بە رۆژانی گرنگ و مێژووییدا تێدەپەڕن کە بە مانای قۆناغێکی نوێ دێت. باسی لەوەشکردووە، هەر لە سەرەتای پرۆسەکەوە، پارتەکەیان رۆڵی ئاسانکاریی گێڕاوە.

پارتى دەم وەک ئاماژەیەک بۆ چەکدانانى پەکەکە، ئاشکرایکردووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک لە ئەندامانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پارتەکەدا رێوڕەسمێک رێکدەخەن.

پارتی دەم 15-20 کەسی لە رۆژنامەوانان، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بینینی رێوڕەسمەکە بانگێشتکردووە و لەگەڵ شاندی پارتەکەدا سەردانى هەرێمی کوردستان دەکەن.

باسی لەوەشکردووە، هیچ رێگرییەک نییە لەوەی هەر رۆژنامەوانێکی دیکە لەسەر ئەرکی خۆی سەردانى هەرێمی کوردستان بکات و رێوڕەسمەکە بە ئاگاداری دەسەڵاتدارانی تورکیا بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە یەکەم رێوڕەسمى چەکدانانى ئەندامانى پەکەکە لەنێوان 10 تاوەکو 12ـی تەمموز لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت.

رۆژى 3ـى تەمموز زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ئەسیۆشییەتید پرێس ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەندامانی پەکەکە "لە ژێر چاودێری رێکخراوەکانى کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا چەکەکانیان لەناودەبەن".

جەختی لەوەشکردەوە، تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە دیارینەکراوە کە بەشداریی لە رێوڕەسمی چەکداناندا دەکەن، بەڵام ئاماژەی بەوەکردبوو رەنگە لەنێوان 20 بۆ 30 ئەندامدا بێت.

پارتی کرێکارانی کوردستان، رۆژی 12ـی ئایاری 2025 رایگەیاند، رۆژانی 5-7ـی ئایار کۆنگرەی بەستووە و لەسەر بانگەوازەکەی 27ـی شوباتی ئۆجەلان، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی داوە.