ئەردۆغان: لەگەڵ چەکداناندا پرۆسەکە خێرایی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت - نوێکرایەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو بەمەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئەو پرۆسەیەی لە ئارادایە، لەگەڵ شاندی ئیمراڵی کۆدەبێتەوە و گوتیشى، "لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیاری چەکدانان لەلایەن رێکخراوەکەوە، پرۆسەکە کەمێکی دیکە خێرایی بەخۆیەوە دەبینێت".
ئەردۆغان، لە کاتى گەڕانەوەی لە لوتکەی 17ـی رێکخراوی هاریکاریی ئابووریی لە ئازەربایجانەوە، لەناو فڕۆکەدا قسەى بۆ رۆژنامەوانانی هاوەڵی کرد.
لەبارەی ئەو پرۆسەیەی ئامانج لێی چارەسەری کێشەی کوردە و دەسەڵات بە تورکیای "بێتیرۆر" ناویدەبات، ئەردۆغان دڵنیاییدا کە دەیگەیەننە ئامانج و گوتی، "وەک چۆن چەندین خەونی دیکەی گەلەکەمان بەدیهێناوە، ئەم خەونەشی دەکەینە راستی".
گوتیشی، "هەنگاوەکانی تورکیای بێتیرۆر بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو بەدوای یەکدا دەنرێن. ئێمە هەڵوێستمان روونە و هەر لە سەرەتاشەوە گوتوومانە کە دەبێت چەکدانان بێمەرج بێت و رێکخراوەکە لەڕووی پێکهاتەییەوە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، قۆناغ بە قۆناغیش گەیشتووینەتە ئەو خاڵەی ئێستا".
ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیاری چەکدانان لەلایەن پەکەکەوە، پرۆسەکە کەمێکی دیکە خێرایی بەخۆیەوە دەبینێت و گوتی، "دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان بە وردیی چاودێریی هەموو هەنگاو و هەڵمەتێک دەکەن و رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر و رێگە بە کاری تێکدەرانە نادەین. بە هەنگاوی پتەو بەرەوپێشەوە دەچین".
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و سەرۆکایەتیی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی "میت"، چاودێریی پرۆسەی چەکدانان دەکەن.
لەبارەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەشی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هەفتەی ئایندە پێشوازییان لێدەکەن و لە رۆژەکەى ئاگاداریان دەکەنەوە. گوتیشى "لەو رۆژەدا خاتوو پەروین بوڵدان و بەڕێز میدحەت سانجار سەردانمان دەکەن".
ئاماژەى بەوەشکرد، لەگەڵیاندا هەنگاوەکانی پێشتر و ئەو هەنگاوانەشی کە لە ئایندەدا دەنرێن بۆ ئەوەی بگەینە ئامانج، تاوتوێدەکەن.
ئەردۆغان لەبارەی سووریاشەوە ئاماژەی بەوەکرد، یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە بۆ ئەوان گرنگە، لەوبارەیەوە گوتی "هیچ پلانێک قبوڵناکەین کە رەوایەتی بداتە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و درێژکراوەکانیان لە وڵاتەکە". ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە لە باکووری سووری ناوچەی ئازادی بازرگانیی و بنکەی لۆجیستیی دابمەزرێنن.
05/07/2025