پسپۆڕێک: پاسکیلی کارەبایی بۆ منداڵەکانتان مەکڕن

گران جاف 06/07/2025
د. هونەر عوسمان کەریم، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان
د. هونەر عوسمان کەریم، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. هونەر عوسمان کەریم، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، باسی لە زیانەکانی پاسکیلی کارەبایی بۆ تەندروستی و گەشەی منداڵانکرد .

پزیشکەکە سەرەتا باسی لەوە کرد کە ئێستا دایکوباوکان بە شێوازێکی بەرچاو پاسکیلی کارەبایی بۆ منداڵەکانیان دەکڕن، بەڵام بەکارهێنانی ئەم پاسکیلانە وادەکات جوڵە و چالاکییەکانی منداڵان کەمببێتەوە، بەمەش چەندین گرفتی تەندروستییان بۆ دروستدەبێت.

گەورەترین ئەو گرفتانەی ئەم پاسکیلە کارەباییانە دروستیاندەکات بریتینلە قەڵەوی و تێکچوونی هۆرمۆنەکان، ئەمانەش گرفت بۆ گەشە و تەندروستیی منداڵان دروستدەکەن.

بە گشتی ئەو منداڵانەی جوڵەی سروشتییان زۆرە، بۆ نمونە ئەو منداڵانەی زیاتر رادەکەن، یاریی دووگۆڵی دەکەن یان پاسکیلی ئاسایی لێدەخوڕن، گەشەیان باشترە، باڵایان بەرزترە و کێشی جەستەشیان تەندروستترە بەراورد بەو منداڵانەی شاشەکان و پاسکیلە کارەباییەکان زیاتر بەکاردەهێنن.

پزیشکەکە رێنمایی دایکوباوکانی کرد کە لە جیاتی پاسکیلی کارەبایی، باشترە پاسکیلی ئاسایی بۆ منداڵ بکڕرێت، ئەمەش بۆئەوەی بە چالاکی بمێننەوە و دووربن لە قەڵەوی و گرفتە تەندروستییەکانی داهاتوو.

"لەڕووی زیانەکانییەوە بەکارهێنانی پاسکیلە کارەباییەکان هیچی کەمتر نییە لە بەکارهێنانی شاشە و ئامێرەکان".

گران جاف

06/07/2025