بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی: 114 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی سلێمانی وەرگیراوە

سایلۆی سلێمانی جوتیارانی ناوچەکانی قەرەداغ، بازیان، شارباژێڕ و ماوەتـی ئاگادار کردووەتەوە؛ سبەی بێن و گەنمەکانیان رادەستبکەن، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی دەڵێت؛ بڕی ئەو گەنمەی وەرگیراوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو، کەمترە لە نیوە.

نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا گەنم لە سەرجەم جوتیارانی ناوچە جیاجیاکانی سلێمانی وەرگیراوە و بڕێکی کەم لە سنووری قەرەداغ، بازیان، شارباژێڕ و ماوەت ماوە و سبەی یەکشەممە 6ـی تەمموز، ئەو بڕە لە جوتیاران وەردەگیرێت.

نەسرین ئەحمەد دەڵێت، تاوەکو ئێستا ئەو بڕە گەنمەی وەرگیراوە، 114 هەزار تۆن گەنمە و بەراورد بە ساڵی رابردوو، بڕی گەنمی وەرگیراو بۆ نیوە کەمتر بووەتەوە بەوپێیەی ساڵی رابردوو 282 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیرابوو.

بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی راشیگەیاند، کۆتا وادە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران رۆژی 10ـی ئەم مانگەیە و دیار نییە کە وادەکە درێژدەکرێتەوە یاخود نا.

نەسرین ئەحمەد لەبارەی خەرجکردنی شایستەی دارایی جوتیاران گوتی، نووسراویانکردووە بۆ بەغداد، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.

رۆژى 10ـى حوزەیران، لە هەرێمى کوردستان وەرگرتنى گەنم دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو 10ـی تەمموز بەردەوامیی هەبێت.

پێشتر وەزارەتی بازرگانیی عێراق؛ بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی دیاریکردبوو بۆ وەرگرتنی لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان و حکومەتى عێراق، یەک تۆن گەنم کە پشت بە سیستمى ئاودانى دەستکرد، دەبەستێت، 850 هەزار دینار و ئەوەى پشتی بە باراناو بەستووە، 800 هەزار دینار وەردەگرێت.