دەرزیی لینجیی ئەژنۆ چییە؟

گران جاف 06/07/2025
د. کرمانج محەمەد هادی، پسپۆڕی جومگە و رۆماتیزم
د. کرمانج محەمەد هادی، پسپۆڕی جومگە و رۆماتیزم

ئەو دەرزییەی بە شێوازێکی باو بۆ چارەسەری سەوەفانی ئەژنۆ بەکاردەهێنرێت، بە دەرزیی لینجیی ئەژنۆ ناسراوە، بەڵام ناوە زانستییەکەی بریتییەلە دەرزیی ترشی هایالیورۆنیک.

لە بڵاوکراوەیەکدا، د. کرمانج محەمەد هادی، پسپۆڕی جومگە و رۆماتیزم، باسی لە بەکارهێنانەکانی ئەم دەرزییە کردووە و سوودەکانی خستووەتەڕوو.

ئەم دەرزییە بەتایبەتی لەو کەسانەدا کاریگەرترە کە سەوەفانێکی کەم بۆ مامناوەندیان هەیە و سوودیان لە چارەسەرەکانی دیکە نەبینیوە وەکو دابەزاندنی کێش، دەرمان و چارەسەری سروشتی.

ئەم دەرزییە چۆن کاردەکات؟

بە شێوازێکی سروشتی هەموو مرۆڤێک ترشی هایالیورۆنیک لە شلەی جومگەکانیاندا هەیە، ئەم ترشە وەکو چەورکەرێک کاردەکات و پەستانی سەر جومگەکان کەمدەکاتەوە.

لەو کەسانەی کە تووشی سەوەفان دەبن، بڕی ئەم ترشە لە شلەی جومگەکانیاندا کەمدەبێتەوە، ئەمەش دەبێتەهۆی ئازار، رەقبوون و سنوورداربوونی جوڵە.

بەم دەرزییە، ترشی هایالیورۆنیکی دەستکرد دەکرێتە ناو جومگەی ئەژنۆ و دەتوانێت لینجیی ئەژنۆ بگەڕێنێتەوە و هەوکردن و ئازاری کەسەکە کەمبکاتەوە.

کاریگەرییەکانی ئەم دەرزییە:

  • کەمکردنەوەی ئازار و باشترکردنی کارکردنی جومگەکان لانیکەم بۆ ماوەی سێ بۆ شەش مانگ
  • کاریگەریی دەرزییەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، ئەو کەسانەی سەوەفانی توندیان هەیە کەمتر سوود لەم چارەسەرە وەردەگرن
  • لەگەڵ ئەوەی ئەم چارەسەرە بە شێوازێکی هەمیشەیی گرفتەکە چارەسەر ناکات، بەڵام پێویستیی نەشتەرگەریی گۆڕینی ئەژنۆ دوادەخات

کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرزیی ترشی هایالیورۆنیک

لەوانەیە ئەو کەسەی ئەم دەرزییەی بۆ بەکاردەهێنرێت، تووشی ئاوسان و ئازارێکی کەم و رەقبوونی شوێنی دەرزییەکە ببێت، لە هەندێک حاڵەتی دەگمەنیشدا دەکرێت کەسەکە تووشی هەوکردن یان کاردانەوەی هەستەوەریی ببێت.

گران جاف

06/07/2025