ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دانیشتنەکانی دەستپێدەکاتەوە

رۆژى چوارشەممە، نۆی تەمموز، پشووى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراق کۆتایی دێت و دانیشتنەکانی دەستپێدەکاتەوە.
غەریب ئەحمەد، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند، کۆمەڵێک پرۆژەیاساى گرنگ لەسەر مێزى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى نوێنەرانن و چاوەڕێی راگەیاندنی خشتە و کارنامەی دانیشتنەکان دەکەن.
لەبارەی ئەگەری هەڵوێست وەرگرتنیان بەهۆی دواکەوتنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانەوە، ئەو پەرلەمانتارە کوردە گوتى، "دەتوانن بەشداریى دانیشتنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران نەکەن، بەتایبەت بۆ ئەو پرۆژەیاسایانەى سوننە و شیعەکان داواى دەکەن لەم خولەدا پەسەند بکرێن، تاوەکو ببێتە فشارێک لەسەر هەولێر و بەغداد بۆ ئەوەی کێشەى مووچە چارەسەربکەن".
ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ئەوەشى خستەڕوو، لەم دۆخەى ئێستادا باوەڕیان بە گفتوگۆیەکى راشکاوانەیە بۆ ئەوەى هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان پابەندییەکانیان جێبەجێ بکەن و چیتر مووچەى مووچەخۆران دوانەخرێت.
غەریب ئەحمەد، ئاماژەی بەوەدا، رەشنووسى پرۆژەیاسایەکیان پێشکەشی لیژنەى کشتوکاڵ کردووە تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا و بەردانەوەى ئاو لە تورکیا و ئێرانەوە، کە بەگوتەی ئەو، "ئەو ئاوەى ئێستا بەردەدرێتەوە بۆ عێراق زۆرکەمە و گۆڕانکارى کەشوهەوا کاریگەرى راستەوخۆى لەسەر عێراق و هەرێمى کوردستان دروستکردووە".
05/07/2025