وەزارەتى پێشمەرگە: دووشەممە دابەشکردنی هاوکاریی هاوپەیمانان بەسەر 64 هەزار پێشمەرگەدا دەستپێدەکات

هاوکاریی هاوپەیمانان رۆژی دووشەممە دەخرێتە سەر هەژماری هێزەکانی پێشمەرگە
هاوکاریی هاوپەیمانان رۆژی دووشەممە دەخرێتە سەر هەژماری هێزەکانی پێشمەرگە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی سەربازیی سەربە وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند؛ بەهۆى پشووى فەرمییەوە، دابەشکردنى هاوکاریی دارایی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەکان بۆ رۆژی دووشەممە دواخراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی ئەوەی رۆژی یەکشەممە شەشى تەمموز کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژى عاشورا لە بانکی ناوەندیی عێراق پشووی فەرمییە، دابەشکردنی هاوکاریی دارایی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەکان، کە لە پرۆسەی هەژماری من بەشدارن، بۆ رۆژی دووشەممە حەوتى تەمموز دواخراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی سەربازیی سەربە وەزارەتى پێشمەرگە راشیگەیاندووە، لە رۆژی دووشەممە 7ـى تەمموز بڕی هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) بکەن بۆ وەرگرتنی.

بۆ ئەم مانگە، 64 هەزار و 244 ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بە سیستمی پرۆژەی هەژماری من، هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن.