هۆکارەکانی دیاریکردنی سلێمانی بۆ چەکدانانی پەکەکە روونبوویەوە

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، هۆکارێکى دیاریکردنی سلێمانی بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە هیچ بنکەیەکی سەربازیی تورکیای تێدا نییە، گوتیشى، "هۆکاری دووەم ئەوەیە پێگەى سەرەکیی پەکەکە لە قەندیلە و ئەو ناوچەیە لە سنووری پارێزگای سلێمانییە".

جەبار یاوەر، بە کەناڵ8ـى گوت، "قۆناغی یەکەمی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بۆ پیشاندانی نیازپاکییە و میکانیزمەکەی بەتەواویی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام رەنگە بەشێکی زۆر لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەشداربن و میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکانیش رووماڵى بکەن.

یاوەر، ئاماژەى بەوەکرد، پاراستنی ئاسایشی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمە لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکەیە. دەشڵێت،  "گەریلاکانی پەکەکە لە پاش دانانی چەکەکانیان لە سلێمانی، دەگەڕێنەوە قەندیل".

جەبار یاوەر، بۆچوونى وایە تاوەکو ئێستا حکومەتی تورکیا هەنگاوی کرداری لەبارەی پرۆسەکەوە نەناوە و بۆردوومانەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن.

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، جێبەجێکردنی پرۆسەى چەکدادانانی پەکەکە بە کارێکی ئەرێنی دەزانێت و لەو بڕوایەدایە دەبێتەهۆی جێگیربوونی ئاسایش و سەقامگیری و گەڕانەوەی ئەو گوندنشینانەى ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە.

گوتیشى، "ئەرێنی بوونی پرۆسەکە تەنیا لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە و بەرژەوەندى عێراقیشى تێدایە، چونکە لەرابردوودا تورکیا لەبارەى بوونى پەکەکە فشاری لە بەغداد کردووە و داواى زانیاریی هەواڵگریی کردووە".

بە گوتەى جەبار یاوەر، جگەلەوەش بابەتی بەردانەوەی ئاوی دیجلە و فوڕات، بەهەمان بابەتى پەکەکە بەستبووەوە و لەڕووی بازرگانیشەوە کاریگەرى هەبووە و دەشڵێت، "لە پاش چەکدانانی پەکەکە پاساوێک نامێنێتەوە بۆ تورکیا بۆ مانەوەی لە خاکی عێراق" ئەوەشى بە یەکێک لە سوودەکانى پرۆسەکە بۆ بەغداد دانا.

جەبار یاوەر: رێککەوتن بۆ بوونی سەربازیى تورکیا لە عێراق نییە

هاوکات جەبار یاوەر، جەختیکردەوە هێرش و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنی سنووری نێوان عێراق و تورکیایە.

گوتیشی، "بەغداد چەندینجار دووپاتیکردووەتەوە هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیا نییە، کە رێگە بە بوونی هێزەکانی و دروستکردنی بنکە و بەکارهێنانی کایەی ئاسمانیی عێراق بکات، بەڵام تورکیا بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی پەرلەمانەکەى،  کە ساڵانە تازە دەکرێتەوە، بنکە و بارەگا دەکاتەوە و کردەیى سەربازیى دەکات".