ئۆپێک پڵەس بەرهەمی نەوت بۆ 548 هەزار بەرمیل زیاد دەکات و عێراقیش لێی سوودمەند دەبێت

رێکخراوى ئۆپێک پڵەس، بڕیاریدا لە مانگى ئابدا بەبڕى 548 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانى نەوت لە رۆژێکدا زیاد بکات، عێراقیش لە بڕیارەکە سوودمەند دەبێت.
هەشت ئەندامی سەرەکیی ئۆپیک پڵەس کە ئەوانیش سعودیە، رووسیا، عێراق، ئیمارات، کوەیت، کازاخستان، جەزائیر و عومانن لە کۆبوونەوەیەکى ئۆنلایندا بڕیارى زیادکردنەکەیانداوە و لە مانگى ئابدا جێبەجێدەکرێت.
ئەمەش پاش ئەوە دێت، بۆ مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەمموز، زیادکردنی 411 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا پەسەند کرابوو.
بەهجەت ئەحمەد، شارەزاى بوارى وزە بە کەناڵ8ـى راگەیاند، بەهۆى زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوتى ئۆپێک پڵەس، بەرهەمهێنانى نەوتى عێراق لە مانگى ئابدا رۆژانەى دەگاتە چوار ملیۆن و 171 هەزار بەرمیل نەوت و دەتوانێت سێ ملیۆن و 471 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و 700 هەزار بەرمیلیش بۆ پێداویستیى ناوخۆ دابینبکات.
لە مانگى تەمموزى رابردوودا، عێراق رۆژانە چوار ملیۆن و 122 هەزار بەرمیل نەوتى بەرهەمهێناوە.
بەرهەمی رۆژانەی نەوتی هەشت وڵاتی ئەندامی ئۆپێک پڵەس
1 - سعودیە، 9 ملیۆن و 756 هەزار بەرمیل نەوت
2 - رووسیا، 9 ملیۆن و 334 بەرمیل نەوت
3 - عێراق، 4 ملیۆن و 171 هەزار بەرمیل نەوت
4 - ئیمارات، 3 ملیۆن و 272 هەزار بەرمیل نەوت
5 - کوەیت، 2 ملیۆن و 518 هەزار بەرمیل نەوت
6 - کازاخستان، 1 ملیۆن و 532 هەزار بەرمیل نەوت
7 - جەزائیر، 948 هەزار بەرمیل نەوت
8 - عومان، 792 هەزار بەرمیل نەوت
05/07/2025