وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەڵامى حکومەتى عێراقى دایەوە و رایگەیاند، "هەستدەکەین جۆرێک لە پەردەپۆشکردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بەرامبەر ئەو زیادەڕۆییە ئەمنییانەی دژی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت".

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، لە ساڵانی رابردوودا دەیان جار هەرێمی کوردستان بەر پەلامارى درۆن و موشەک دەکەوت، هەرچەندە ئاڕاستە و سەرچاوەی موشەک و درۆنەکان دیاربوون، هیچ رێوشوێنێكیش لەبەرامبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر.

هەر لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و رێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاوڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات، ئەركی لەپێشینەی دامودەزگا فەرمییەكانی هەردوو حكومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی كوردستانە.

پێشتریش وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەندێک گرووپی سەربە حەشدی شەعبی بە ئەنجامدانی هێرشی درۆنی بۆسەر هەرێمی کوردستان تۆمەتبار کرد و داوای دانانی سنووری بۆ ئەو کارە تێکدەرانە کرد.

پاش راگەیەندراوەکەی پێشترى وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتى، "تۆمەتبارکردنى دامەزراوەیەکى ئەمنیی فەرمى، لەژێر هەر پاساوێکدا بێت رەتکراوەیە، سەرکۆنەى دەکەین و داوای پێدانی بەڵگەی بەلایەنی حکومەتی فەرمی کرد".

گوتیشی، "دوودڵ نابن لە گرتنەبەرى رێکارى یاسایی تووند بەرامبەر ئەوانەى هەوڵى تێکدانى سەقامگیرى لە تەواوى وڵاتدا دەدەن".