ترەمپ: ئۆکرانیا پێویستی بە سیستمی موشەکیی پاتریۆتە

کەناڵ8 05/07/2025
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ناوەرۆکی گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرا کرد و گوتى،  "گفتوگۆیەکی باشیان کردووە و تێگەیشتووە، کە کیێڤ پێویستی بە سیستمی موشەکی پاتریۆت هەیە". ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ نەرمی نواندن لە دابینکردنی سیستمەکە.

لە کاتی سەرکەوتنی بۆناو فڕۆکە تایبەتەکەی و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکدا کە پرسی ئایا سیستمی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا دابیندەکەن، ترەمپ رایگەیاند، ئۆکرانیا پێویستی بە پاتریۆتە لەبەرئەوەی زۆر بە توندی لەلایەن رووسیاوە هێرشی دەکرێتەسەر.

ترەمپ گوتیشى، "دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە و پوتن دەیەوێت لە کوشتنی خەڵک بەردەوامبێت".

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشیکرد، پرسی دابینکردنی سیستمی بەرگریی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا باسکردووە و جەختیکردەوە، پوتن رەتیکردووەتەوە کار لەسەر ئاگربەست بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، راستەوخۆ پاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ترەمپ، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، لەگەڵ ترەمپ رێککەوتوون لەسەر بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا.

کەناڵ8

05/07/2025