سەرچاوەیەک بۆ کەناڵ8: بڕیارە سێشەممە دۆسیەى مووچەى مووچەخۆران یەکلایی بکرێتەوە

بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، کە لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان دەستیکەوتووە، بڕیارە رۆژى سێشەممە 8ـى تەمموز پرسى مووچە لەنێوان حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستاندا یەکلایی بکرێتەوە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، هەرێمى کوردستان و بەغداد نزیکن لە رێککەوتن لەبارەی نەوت و داهاتی نانەوتی و تەوتین کردن.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشى، لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن، بڕیارە سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران گەڵاڵەنامەى رێککەوتنەکە پەسەندبکات و بڕیار لەناردنی مووچە بدات.
هاوکات، سەرچاوەیەکى دیکە لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، فوئاد حسێن، جێگرى سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارى ئابوورى و وەزیرى دەرەوە رەشنووسى رێککەوتنى حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستانى گەیاندووەتە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان.
راشیگەیاند، رۆژى دووشەممەى ئەم هەفتەیە پاش سەرنجەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، رەشنووسى رێککەوتنەکە لەلایەن فوئاد حسێن، دەدرێتە دەست محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، گوتیشى، "چاوەڕێین پاش ئەوە حکومەتى فیدراڵى مووچەى مووچەخۆران رەوانە بکات و هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە".
ئەوەشى دووپاتکردەوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتدایە و هیچ گرفتێکى نییە و لەسەر داهاتى نانەوتیی جۆرێک رێککەوتن کراوە کە لەوبڕەى پێشوو زیاتر رەوانەى بەغداد دەکرێت، کە لە چوارمانگى رابردوو نێردراوە بۆ بەغداد، کە بڕەکەى پێشوو کەمتر لە 50 ملیار دینارى مانگانە بووە.
سەرچاوەکەى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان دڵنیاییدا لەوەى پاش ئەو رێککەوتنە بۆ ئەمساڵ هیچ مووچەیەک نافەوتێت و بەغداد بەمزووانە مووچەى مانگەکانى پێنج و شەش رەوانە دەکات.
گوتیشى، "لەبارەى تەوتینیشەوە پرۆسەى (هەژمارى من) بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنى مووچەى مووچەخۆران بەردەوام دەبێت".
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژى سێشەممە 8ـى تەمموز، کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق ئەنجام دەدرێت و چاوەڕوان دەکرێت بڕیار لەبارەى ناردنى مووچەوە بدات، لە ئەگەرى پەسەندکردنى رەشنووسى رێککەوتنەکە.
05/07/2025