دادگای فیدراڵی لەسەر داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی یەکشەممە 6ی تەمموز لەسەر دوو سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەى خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، سکاڵای یەکەم لەلایەن عومەر گوڵپی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانەوە لەدژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا هاتووە، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پاش پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەماوەی 45 رۆژدا نەیتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێرێت.

عومەر گوڵپی داوادەکات، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە و سەرجەم ئەو مووچە و پاداشتانەی دراون بە پەرلەمانتاران لێیان وەربگیرێتەوە.

ئەو ئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان داوادەکات، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پابەند بکرێت بە زووترین کات ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا بکات.

سكاڵای دووەمیش لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سێ پەرلەمانتاری دیکەی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون و تیایدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

ئەم دانیشتنەی دادگای فیدراڵی، یەکەم دانیشتنی دادگاکەیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزر حسێن، سەرۆکی نوێی دادگاکە بەڕێوەدەچێت، پاش خانەنشینبوونی جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی پێشووی دادگاکە.