بەهۆی لافاوەوە لە ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا 27 کەس گیانیان لەدەستدا

لە ئێوارەی رۆژی هەینییەوە بەهۆی زۆری بارانبارینەوە لافاو ناوچە جیاوازەکانی ویلایەتی تەکساسی ئەمریکای گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لانیکەم 27 کەس گیانیان لەدەستداوە.
پۆلیسی تەکساس رایگەیاند، تیمەکانی فریاگوزاریی خێرا لە تەواوی ویلایەتەکە بڵاوەیان پێکراوە و تاوەکو ئێستا تەرمی 27 هاوڵاتییان دۆزیوەتەوە، کە نۆیان منداڵن، 850 کەسیش لە مردن رزگارکراون کە هەشتیان بریندارن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، لافاوەکە ناوچە جیاوازەکانی ناوەندی تەکساسی گرتووەتەوە و لە ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێردا ئاستی ئاوی رووباری کەڤێل 20 پێ زیادیکردووە، کە زۆرترین رێژەی بارانبارینە لەماوەی 100 ساڵی رابردوودا.
تیمە فریاگوزارییەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامن لە گەڕان بەدوای قوربانییانی لافاوەکە و بەگوێرەی پۆلیسی کەڤێل، لانیکەم 20 کچ تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.
هاوکات، بەرپرسانی تەکساس ئەوەشیان ئاشکراکردووە، زۆرترن رێژەی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لەشاری کەڤێڵ بووە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 25 هەزار کەسە و تیمەکانی فریاگوزاری لە تەواوی شارەکەدا بڵاوەیانپێکراوە و کەمپێکی فریاگوزاریش بەدرێژایی رووباری شارەکە ئامادەکراوە.
05/07/2025