کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: هیچ بڕیارێک بۆ دووبارە وەرگرتنی لیستی نوێ نییە

عیماد جەمیل، بەرپرسی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق
عیماد جەمیل، بەرپرسی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رەتیدەکاتەوە هیچ بڕیارێکیان بۆ کردنەوە یان وەرگرتنی لیستی نوێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دابێت.

عیماد جەمیل، بەرپرسی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کەناڵ8ی راگەیاند، "هیچ داواکارییەکیان لەلایەن رەوتی نیشتمانیی شیعەکانەوە (رەوتی سەدڕ) بەدەستنەگەیشتووە بۆ تۆمارکردنی لیستەکەیان بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان".

گوتیشی، "پرۆسەی وەرگرتنی ناوی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کۆتاییهاتووە، هیچ بڕیارێک بۆ وەرگرتنی لیستی نوێ نییە تاوەکو ئێستا".

عیماد جەمیل راشیگەیاند، کۆمیسیۆن بەگوێرەى خشتەیەکی دیاریکراو کاتەکانی رێکدەخات بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان و دەنگی کردنەوەی دەرگای بەربژێربوون لەکاتی ئێستادا هیچ بنەمایەکی نییە.

بەگوتەی بەرپرسی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لەئێستادا سەرقاڵی وردبینیکردنی ناوی بەربژێرەکان و ناردنی ناوەکانیانە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەمەبەستی پەسەندکردنی لیستەکان.

ئەم گوتانەی بەرپرسی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پاش بڵاوبوونەوەی دەنگی بوونی دانوستانی لەنێوان ژمارەیەک سەرکردەی شیعەکان و موقتەدا سەدڕ کرد، لەپێناو پاشگەزبوونەوەی لە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن.