ئەمڕۆ لوتکەی بریکس لە بەڕازیل بە ئامادەبوونی سەرکردەی زیاتر لە 20 وڵات بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی تەمموز، لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەڕازیل 17یەمین لوتکەی بریکس بە بەشداریی سەرکردەی زیاتر لە 20 وڵاتی ئەندامی رێکخراوەکە بەڕێوەدەچێت و دوو رۆژ دەخایەنێت و لویس ئیناسیۆ لۆلا داسێلڤا، سەرۆکی بەڕازیل سەرۆکایەتیی دەکات.
جگە لە بەڕازیل، سەرکردە و نوێنەری وڵاتانی رووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور کە ئەندامی بریکسن، لە ریۆ دی جانیریۆ کۆدەبنەوە، هاوکات بڕیارە سەرکردەی هاوپەیمانانی بریکس، کە بریتین لە ئیندۆنیزیا، میسڕ، ئەسیوبیا، سعودیە، ئیمارات و ئێرانیش بەشداریی کۆبوونەوەکان بکەن.
لوتکەکە پاش گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەڕێوەدەچێت و بەگوێرەی شارەزایانی سیاسی، یەکەم تاقیکردنەوەی ئەو گرووپە دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی سیاسەتی باجی ئەمریکا، هەروەک چۆن لە سەرەتادا وەک رکابەری گرووپی حەوتی رۆژئاواییەکان پێکهێنراوە.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی راگەیەندراوێکی لوتکەکە، رەخنە لە سیاسەتی باجی گومرگیی ئەمریکا گیراوە و بە نایاسایی و مەترسیدار بۆ ئابووریی جیهان لەقەڵەمیدەدات.
ئەوەی کۆبوونەوەی ئەمساڵ لە لوتکەکانی دیکەی بریکس جیادەکاتەوە، بەشدارینەکردنی هەریەک لە شی جینپینگی سەرۆکی چین و ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیایە، کە بە بۆچوونی شارەزایانی گرووپەکە کاریگەریی لەسەر راگەیەندراوی کۆتایی لوتکەکە دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی چین هۆکاری بەشدارینەکردنی سەرۆکی وڵاتەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە لەماوەی 12 ساڵی رابردوودا بەردەوام بەشداریی کردووە و ئامانجە گرنگەکانی لوتکەکەشی ئاشکراکردووە.
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەوبارەیەوە گوتی، "بەڕێز سەرۆکوەزیران بەشداریی 17یەمین لوتکەی بریکس دەکات، کە یەکێکە لە گرنگترین پلاتفۆرمەکانی هاریکاری و هەماهەنگی لەناو بازاڕە تازە گەشەکردووەکان و وڵاتانی تازە پێشکەوتوودا. ئەو لوتکەیە هێزێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی یەکسانی و جیهانێکی فرەجەمسەر، کە ئامانجی پەرەپێدانی ئابوورییەکی گەشەسەندووی جیهانییە."
رووبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکانی بەردەم وڵاتانی ئەندامی لوتکەکە ئامانجی سەرەکیی لوتکەکەیە، بەڵام گرژی و ئاڵۆزۆییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا کارەکانی لەسەر بەڕازیل سەختتر کردووە.
لە 18 و 19ی تشرینی دووەمی 2024 بەڕازیل لوتکەی جی 20یشی رێکخست لە ژێر ناونیشانی بنیادنانی جیهانێک و کیشوەرێکی یەکگرتوو.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کۆمەڵەکە دامەزراندنی سیستمێکی پارەدانی جیگرەوەیە، کە رکابەریی دۆلاری ئەمریکی بکات.
وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ئامانجە ستراتیجییە، دوو رۆژ پێش دەستپێکردنی لوتکەی بریکس لە وڵاتەکەی، لەمیانی بەشداریکرنی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی بانکی نوێی پەرەپێدان، سەرۆکی بەڕازیل باسی لە گرنگیی دراوێکی بازرگانی نوێ بۆ ناوچەکە کرد.
لویس ئیناسیۆ لۆلا داسێلڤا، سەرۆکی بەڕازیل گوتی، "گرنگی و بایەخی بانکەکەمان زیاترە لەوەی تەنیا بانکێک بێت بۆ مامەڵەی وڵاتانی تازە گەشەکردوو. گفتوگۆکەتان لەبارەی پێویستیی دراوێکی بازرگانی نوێ زۆر گرنگە."
بەگوێرەی هەندێک میدیای جیهانی، وڵاتانی بریکس بەنیازن لەرێگەی بانکی نوێی پەرەپێدان، کە زمانحاڵی دارایی وڵاتانی بریکسە، پاڵپشتییەکی دارایی گەرەنتیکراو بۆ وەبەرهێنان لە وڵاتانی ئەندام رابگەیەنێت کە ئامانجی سەرەکیی رووبەڕووبوونەوەی ئەو تەنگژە ئابوورییانەیە کە بەهۆی سیاسەتی ئابووریی ئەمریکاوە دێتە ئاراوە.
06/07/2025