ئەپیکور: مەرجەکانمان نەگۆڕدراون و چاوەڕوانی وەڵامی سودانی دەکەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت

لۆگۆی کۆمەڵەى پیشەسازیى نەوتى هەرێمى کوردستان ناسراو بە ئەپیکور
لۆگۆی کۆمەڵەى پیشەسازیى نەوتى هەرێمى کوردستان ناسراو بە ئەپیکور

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە "ئەپیکور" لە کاتێکدا چاوەڕوانى واژۆى محەمەد شیاع سودانی دەکات بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، جەخت لە جێبەجێکردنى داواکارییەکانیشى دەکاتەوە.

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور بە کەناڵ8ـى راگەیاند، دۆسییەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەردەستی سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە و چاوەڕوانى واژۆى ئەو دەکەن.

سەبارەت بە مەرج و داواکارییەکانی ئەپیکور، مایڵز کاگینز، گوتى، "مەرج و داواکارییەکانی ئەوان گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە و هەمان مەرج و داواکاییەکانی پێشووە".

لە دوایین راگەیەندراوى کۆمەڵەکەدا کە کۆتایى مانگى رابردوو بڵاوکرایەوە، تێیدا پێشنیاز و مەرجەکان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت دیاریکرابوون، مەرجى سەرەکى ئەپیکور ئەوەیە دڵنیایی بدرێت شایستەداراییەکانی کۆمپانیاکان بدرێت و مەرجە ئابووری و بازرگانییەکانیشیان بپارێزرێت.

یەکێک لە مەرجەکانى دیکەى ئەپیکور، پێدانەوەى یەک ملیار دۆلار قەرزە کە لەلای حکومەتى هەرێمى کوردستانە و پارەى تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتە لە تشرینى یەکەمى 2022 تاوەکو ئازارى 2023ـیە.

ئەپیکور، پێشنیازیشى کردووە کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان شایستەى داراییان بەشێوەى نەختینە لەگەڵ گەیشتنى نەوتەکە بە بەندەرى جەیهانى تورکیا وەربگرن. پێشتر لەمبارەیەوە ناکۆکى لەنێوان ئەپیکور و وەزارەتى نەوتى عێراقدا هەبوو، بەجۆرێک ئەپیکور داواى دەکرد لەگەڵ بەرهەمهێنانى نەوتەکەدا شایستەى دارایى خۆیان وەربگرن، لەبەرامبەردا وەزارەتى نەوت داواى دەکرد پاش فرۆشتنى نەوتەکە لەلایەن سۆمۆوە ئینجا شایستە داراییەکانیان پێبدرێت.

ئەپیکور، لە هەشت کۆمپانیای بیانی بوارى نەوت پێکهاتووە و 60%ـی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن، پاش راگرتنى هەناردەش ئێستا رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.