گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەوە لە تەکساس گەیشتە 51 کەس

تیمەکانی فریاکەوتن و خۆبەخشان هاوکاریی لێقەوماوانی لافاوەکەی تەکساس دەکەن. فۆتۆ: AFP
تیمەکانی فریاکەوتن و خۆبەخشان هاوکاریی لێقەوماوانی لافاوەکەی تەکساس دەکەن. فۆتۆ: AFP

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەکەی ناوەڕاستی تەکساس بۆ 51 کەس بەرزبووەوە، کە 15ـیان منداڵن.

لاری لیتا، بەڕێوبەری پۆلیسی هەرێمی "کیەر"ـی ویلایەتی تەکساس رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوە وێرانکەرەکەوە لە ناوەڕاستی ویلایەتی تەکساس گیانیان لەدەستداوە بۆ 51 کەس بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا گەڕان بەدوای دەیان بێسەروشوێنی دیکەدا بەردەوامە.

بەڕێوبەری پۆلیسی ئەو هەرێمە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، گوتی، "51 تەرمیان دەرهێناوەتەوە، کە پێکهاتوون لە 36 کەسی پێگەیشتوو و 15 منداڵ".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، لافاوەکە ناوچە جیاوازەکانی ناوەندی تەکساسی گرتووەتەوە و لە ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێردا ئاستی ئاوی رووباری کەڤێل 20 پێ زیادیکردووە، ئەمەش زۆرترین رێژەی باران بارینە لەماوەی 100 ساڵی رابردوودا.

تیمە فریاگوزارییەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامن لە گەڕان بەدوای قوربانییانی لافاوەکە و بەگوێرەی پۆلیسی کەڤێل، لانیکەم 20 کەس تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.

هاوکات، بەرپرسانی تەکساس دەڵێن، زۆرترین رێژەی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لەشاری کەڤێڵ بووە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 25 هەزار کەسە و تیمەکانی فریاگوزاری لە تەواوی شارەکەدا بڵاوەیانپێکراوە.