دەیلی تەلەگراف: لە جەنگی 12 رۆژەدا موشەکەکانی ئێران پێنج بنکەی سەربازیی ئیسرائیلیان پێکاوە

شوێنەواری زیانی یەکێک لە هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل
شوێنەواری زیانی یەکێک لە هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل

رۆژنامەی 'دەیلی تەلەگراف'ـی بەریتانی، بە پشتبەستن بە زانیاریی مانگە دەستکردەکان ئاشکرایکردووە، موشەکە بالیستیکەکانی ئێران لە ماوەی جەنگی 12 رۆژەدا پێنج بنکەی سەربازیی ئیسرائیلیان پێکاوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامە بەریتانییەکە، بنکە سەربازییەکان پێکهاتوون لە "بنکەی تەلنۆف، بنکەی هەواڵگریی گلیلۆت، بنکەی زیپۆریت بۆ دروستکردنی زرێپۆش و چەک، بنکەی سەربازیی ئیرتاهـ و بنکەی بەیت نەهێمیە".

بەهۆی یاسای توند و سانسۆری سەربازیی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، ئەم زانیارییانە بەفەرمیی ئاشکرا نەکراون و میدیاکان ناتوانن کاری مەیدانی لەسەر بکەن، بەڵام زانکۆی ویلایەتی ئۆریگۆنی ئەمریکا، کە تایبەتمەندە بە بەکارهێنانی داتای راداری مانگە دەستکردەکان بە ئامانجگرتن و زیانلێکەوتنی ئەو پێنج بنکە سەربازییە ستراتیجییەی ئیسرائیلیان پشتڕاستکردووەتەوە، کە بە شەش موشەکی ئێران لە باکوور، باشوور و ناوەڕاستی ئیسرائیلدا کراونەتەئامانج.

بەگوێرەی زانیاریی مانگە دەستکردەکان، جگە لە هێرشی سەر ئەو پێنج بنکەیە، 36 موشەکی دیکەی ئێران، توانیویانە سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل تێپەڕێنن و زیانی بەرچاویان بە ژێرخانی نیشتەجێبوون و پیشەسازی گەیاندووە.

رۆژنامەکە رایگەیاندووە، هەردوو سیستمی بەرگریی "تاد"ـی ئەمریکا، لە ماوەی 12 رۆژی جەنگەکەدا لانیکەم 36 موشەکی ئێرانی خستووەتەخوارەوە، کە تێچووی هەریەکەیان نزیکەی 12 ملیۆن دۆلار بووە.

ئەمە جگە لە سیستمە بەرگرییە جۆراوجۆرەکانی ئیسرائیل، کە پێکهاتوون لە "گومەزی ئاسنین، تیری داود و ئارۆ" و لە ماوەی 12 رۆژی جەنگەکەدا رێگرییان لە دەیان موشەکی ئێران کردووە.