دانیشتنى دادگای فیدراڵی بۆ سکاڵاکانى هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان دواخرا

باڵەخانەی پەرلەمانى کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانى کوردستان

دانیشتنى دادگای فیدراڵیی عێراق تایبەت بە دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ کاتێکى نادیار دواخرا، ئەوەش بەهۆى ئەوەى سبەى سەرۆکى نوێی دادگاکە دەستبەکار دەبێت.

سکاڵاکانى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان لەلایەن هەریەکە لە عومەر گوڵپى، بەربژێرى سەرکەوتووى کۆمەڵى دادگەرى بۆ پەرلەمانى کوردستان و سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکرابوون و بەگوێرەى خشتەی دانیشتنەکان بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی تەمموز دادبینیان بۆ بکرێت.

عومەر گوڵپى، بە کەناڵ8ـى گوت، "لەلایەن دادگاى فیدراڵییەوە ئاگادارکراینەوە و دانیشتنەکانى دادگاکە تایبەت بە سکاڵاکەمان دواخراوە".

لەبارەى هۆکارى دواخستنەوەکە گوتى، "پەیوەندیى بەوەوە هەیە لە سبەى دووشەممە حەوتى تەمموزەوە، سەرۆکى نوێى دادگاى فیدراڵیی دەستبەکار دەبێت و لە دانانى خشتەى نوێ ئاگادارمان دەکەنەوە".

سکاڵای یەکەم لەلایەن عومەر گوڵپییەوە لە دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا هاتووە، خولی شەشەمی پەرلەمان پاش پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەماوەی 45 رۆژدا نەیتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت.

عومەر گوڵپی داوادەکات، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە و سەرجەم ئەو مووچە و پاداشتانەی دراون بە پەرلەمانتاران لێیان وەربگیرێتەوە.

هەروەها داوادەکات، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پابەند بکرێت بە زووترین کات ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا بکات.

سكاڵای دووەمیش لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سێ پەرلەمانتاری دیکەی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون و تیایدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی خولی شەشەمی پەرلەمان دەکەن.