شاندی ئیمراڵی بەرەو ئیمراڵی بەرێکەوت

شاندی ئیمراڵی بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکە، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوت.
شاندەکە لە هەریەک لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، پەرلەمانتارانی وان و رحای پارتی دەم و ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتوون.
پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) بڵاویکردەوە، شاندەکە بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوتوون.
دیداری شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان لە کاتێکدایە، دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ شاندەکە کۆدەبێتەوە و تاوتوێی هەنگاوەکانی ئێستا و ئایندەی پرۆسەی چارەسەری دەکەن، کە تورکیا بە "تورکیای بێتیرۆر" و پارتی دەمیش بە "پرۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" ناویدەبەن.
هاوکات سەردانەکە لە کاتێکدایە، چاوەڕوان دەکرێت لەنێوان 10-12ـی تەمموزدا ژمارەیەک لە ئەندامانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکدا چەکدابنێن.
هەفتەی رابردوو، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی دەم ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەی چەند رۆژی ئایندەدا هەنگاوی گرنگ لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا دەهاوێژرێن.
سەردانەکانی ئیمراڵی
پاش ئەوەی لە مانگی 10ـی ساڵی رابردوودا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بانگەوازە بەناوبانگەکەی کرد، دەروازەکانی گرتووخانەی ئیمراڵی بەڕووی سەردانیکارانیدا لەسەر ئاستی سیاسی، خێزانی و کۆمەڵایەتی بۆ بەندکراوانی دوورگەکە و لەسەروویانەوە بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکە کرانەوە.
سەردانی یەکەمی شاندی ئیمراڵی لە 28ی کانوونی یەکەمی 2024دا ئەنجامدرا و هەریەک لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری وانی پارتی دەم و سڕی سورەییا ئۆندەر، پەرلەمانتاری ئیستانبوڵی پارتەکە و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، سەردانی ئۆجەلانیان کرد.
سەردانی یەکەم
28ی کانوونی یەکەمی 2024
پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر
دوای نزیکەی مانگێک لەو سەردانە لە 22ـی کانوونی دووەمی 2025دا بۆ جاری دووەم پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر سەردانی ئیمراڵییان کردەوە و لەگەڵ ئۆجەلان بۆ ماوەی چوار کاتژمێر کۆبوونەوە.
سەردانی دووەم
22ـی کانوونی دووەمی 2025
پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر
رۆژی 27ی شوبات، رۆژی بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بۆ جاری سێیەم سەردانێک بۆ دوورگەی ئیمراڵی ئەنجامدرا و ئەمجارە شاندەکە لە حەوت کەس پێکهاتبوون، جگە لە پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر، هەریەک لە ئەحمەد تورک، سەرۆکی پێشووی شارەوانی مێردین، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتی دەم، جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتاری ئیستانبوڵی پارتی دەم و ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان لەنێو شاندەکەدا بوون. هەر ئەوان پەیامە مێژووییەکەی ئۆجەلانیان لە ئیمراڵییەوە هێنایەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا بە ئامادەبوونی سەدانی میدیاکار، بە زمانەکانی کوردی و تورکی خوێندییانەوە.
سەردانی سێیەم
27ـی شوباتی 2025
پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان
ئەحمەد تورک و ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ و جەنگیز چیچەک
دوای نەخۆشکەوتنی سڕی سورەییا ئۆندەر لە 15ی نیساندا، ئەو سەردانەی شاندەکە بە نیازبوون لە 18ی نیساندا بۆ ئیمراڵی ئەنجامیبدەن هەڵوەشایەوە. دواتر شاندی ئیمراڵی بە ئەندامێتیی پەروین بوڵدان و ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ لە 21ـی نیساندا سەردانی چوارەمیان بۆ ئیمراڵی ئەنجامدا و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە.
سەردانی چوارەم
21ـی نیسانی 2025
پەروین بوڵدان و ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ
بە هەمانشێوەی سەردانی چوارەم، لە 18ـی ئایاردا جارێکی دیکە ئەندامێتیی پەروین بوڵدان و ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ سەردانی ئیمراڵییان کرد.
سەردانی پێنجەم
18ـی ئایاری 2025
پەروین بوڵدان و ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ
ئەمڕۆش، پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا میتحات سانجار لەشوێنی سڕی سورەییا ئۆندەر کرایە ئەندامی شانی ئیمراڵی، پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، پەرلەمانتارانی وان و رحای پارتی دەم و ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان سەردانی ئیمراڵییان کرد.
سەردانی شەشەم
6ـی تەمموزی 2025
پەروین بوڵدان و میتحات سانجار
ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ
06/07/2025