سی ئێن ئێن: پەکین دۆڕانی رووسیا لە جەنگى ئۆکرانیادا قبوڵ ناکات

وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین بە دیپلۆماتکارانی باڵای یەکێتیی ئەوروپای راگەیاندووە، پەکین دۆڕانی رووسیا لە جەنگەکەیدا بەرامبەر بە ئۆکرانیا قبوڵ ناکات، چونکە ئەمە رێگە بۆ ئەمریکا خۆش دەکات، سەرنجی تەواوی بخاتە سەر چین.
تۆڕی هەواڵی 'سی ئێن ئێن' لە زاری بەرپرسێکەوە بڵاویکردەوە، کە ئامادەی کۆبوونەوە چوار کاتژمێرییەکەی نێوان کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و وەزیری دەرەوەی چین بووە، کە رۆژی دووی تەمموز لە برۆکسل بەڕێوەچوو.
ئاماژەبەوەکراوە، لێدوانە تایبەتەکانی وەزیری دەرەوەی چین، ئەوە دەردەخەن رەنگە پەکین بخوازێت جەنگ لە ئۆکرانیا درێژە بکێشێت، بۆ ئەوەی ئەمریکا نەتوانێت سەرنجی لەسەر رکابەرییەکەی بێت لەگەڵ چین.
ئەوەش لەکاتێکدایە، هەینی رابردوو، وەزیری دەرەوەی چین لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەى لایەنێک نییە لە پرسی ئۆکرانیادا و هەڵوێستی پەکینى بەرامبەر بە قەیرانەکە بە "بابەتییانە" ناوبرد، کە بە گوتەی ئەو خۆی لە "دانوستان و ئاگربەست و ئاشتی"دا دەبینێتەوە. گوتیشی، "جەنگی درێژخایەنی ئۆکرانیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هیچ لایەک ناکات".
06/07/2025