سروودێکی لەناوچووی بابلی کۆن بە ژیریی دەستکرد دروستکرایەوە

بە هەماهەنگیی توێژەرانی زانکۆی بەغداد و ماکزیمیلیانی ئەڵمانی، بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، توانرا سروودێکی دێرینی سەردەمی بابلی کۆن دروستبکرێتەوە، کە بۆ ستایشی شارستانییەتەکە دانراوە.
سروودەکە مێژووی دانانی دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر، تاوەکو ئێستا بە سروودێکی ونبوو هەژماردەکرا، ئاشکرا کردنی ناوەڕۆکەکەی، بە ئەندازەی ئاشکراکردنی یەکێک لە گەورەترین نهێنییەکانی سەردەمی بابلی کۆنە، کە راستەوخۆ، کاریگەریی لەسەر تێگەیشتنی زیاتر سەبارەت بە کولتووری شارستانی، سیستمی پەروەردە، باوەڕە ئاینییەکان و رۆڵی رەگەز پێشکەش دەکات لە چوارچێوەی ژیاری بابلییەکاندا.

شارەزایانی ئەم دوو زانکۆیە، لەڕێگەی بەکارهێنانی 30 پارچەی قوڕینی تێکشکاو، توانیویانە سروودەکە کۆبکەنەوە، بە ژیریی دەستکرد دەقەکان لەیەکتر دراون و پاشان واتاکەیان شیکردووەتەوە، کە پێکڕا دەقەکە لە 250 هێڵی بزماریی پێکهاتووە.
سروودەکە بەشێوەی نووسینی بزماریی نووسراوە، بۆ ستایش و جوانییەکانی شاری بابلە، کە لە سەردەمی خۆیدا، گەورەترین شاری جیهان بووە، وەسفی رووباری فورات و کێڵگەی گوڵەکان دەکات، هاوتای تەلارسازیی پەرستگەکان و حوکمڕانیی شارەکە.
06/07/2025