وەزارەتى گواستنەوە: تێپەڕینى فڕۆکە بە ئاسمانى عێراقدا ژمارەى پێوانەیى تۆمارکرد

وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رایگەیاند، فڕینی فڕۆکە بەسەر ئاسمانی وڵاتدا ژمارەیەکی پێوانەیی و بێ پێشینەی تۆمارکردووە و رۆژانە گەیشتووەتە زیاتر لە 700 فڕۆکە.
وەزارەتەکە، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، تێکڕاى رۆژانەی تێپەڕینى فڕۆکەکان بەسەر ئاسمانى وڵاتدا بەشێوەى پلەبەندى زیادیکردووە، بەجۆرێک لە 300 بۆ 350 فڕۆکەوە بۆ 450 بۆ 600 فڕۆکە بەرزبووەتەوە و ئێستاش رۆژانە 700 فڕۆکە تێپەڕبوون.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، عەباس بەیزانى، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بۆ خزمەتگوزاریی "گەشتى ئاسمانى" عێراق، گوتوویەتى، "سەرەڕاى ئاڵنگارییە ئەمنییەکانى ناوچەکە، بەڵام ئاسمانی عێراق متمانەی کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانیى بەدەستهێناوەتەوە و ژمارەیەک زۆر لە کۆمپانیا ناوچەیى و نێودەوڵەتییەکان گەڕاونەتەوە بۆ بەکارهێنانى ئاسمانى عێراق وەک رێڕەوێکى سەرەکى بۆ گەشتەکانیان".
لە ماوەى جەنگى 12 رۆژەى نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، کایەى ئاسمانیى عێراق بەڕووى هاتوچۆى فڕۆکەوانیدا داخرا.
06/07/2025