وەزارەتی کشتوکاڵ: گەنمی ماوەی جوتیاران وەردەگیرێت

وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گەنمی ماوەی جوتیاران وەردەگیرێت بەو مەرجەی گەنمەکە بەگوێرەی تایبەتمەندیی عێراق بێت و دەشڵێت؛ دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت هەر تۆنێک گەنمی پلەیەک و پلە دوو بە 550 هەزار و 525 هەزار دەکڕنەوە.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ هەر تۆنێک گەنمی پلە یەک نرخەکەی 550 هەزار دینارە و بۆ گەنمی پلە دوو بۆ هەر تۆنێک بڕی 525 هەزار دینار دیاریکراوە، باس لەوەشکراوە وەرگرتنی گەنمەکە لە 15ـی تەمموزەوە دەستپێدەکات و ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت.
وەزارەتەکە لەبارەی وەرگرتنی شایستەی گەنمی جوتیاران دەڵێت؛ لەماوەی دوو مانگدا دەبێت لەپاش وەرگرتنی گەنمەکە.
ئەوەشهاتووە، بە چاودێری و هەماهەنگی لێژنەی باڵای وەرگرتنی گەنمی ناوخۆی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، گەنمەکە لەلایەن دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت لەسایلۆکانی (خۆشناو و قەیوان) دەکڕدرێنەوە و لەلایەن ئەوانە بەکاردەهێندرێت.
راگەیەندراوی وەزارەتی کشتوکاڵ بە وەرگرتنی گەنمی ماوەی جوتیاران لەکاتێکدایە، رۆژى 10ـى حوزەیران، لە هەرێمى کوردستان وەرگرتنى گەنم لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو 10ـی تەمموز بەردەوامیی هەبێت.
پێشتر وەزارەتی بازرگانیی عێراق؛ بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی دیاریکردبوو بۆ وەرگرتنی لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان و حکومەتى عێراق، یەک تۆن گەنم کە پشت بە سیستمى ئاودانى دەستکرد دەبەستێت، 850 هەزار دینار و ئەوەى پشتی بە باراناو بەستووە، 800 هەزار دینار وەردەگرێت.
06/07/2025