راوێژکارێکی ئەردۆغان: دەستووری نوێ بۆ فیدراڵی نانووسرێتەوە و پەیوەست نییە بە تورکیای بێ تیرۆرەوە

مەهمەت ئوچوم، گەورە راوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
مەهمەت ئوچوم، گەورە راوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

مەهمەت ئوچوم، گەورە راوێژکاری ئەردۆغان و بریکاری سەرۆکی دامەزراوەی سیاسەتە یاساییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، نووسینەوەی دەستووری نوێ هیچ پەیوەندییەکی بەو پرۆسەیەوە نییە، کە بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناودەبرێت.

مەهمەت ئوچوم لە پەیامێکدا ئاماژە بەوەدەکات بانگەشەی ئەوەی "دەستووری نوێ ئامڕازێکی مامەڵەکردنە بۆ ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر و پێویستییەکە بۆ قۆناغی راگوزەر بەرەو سیستمی فیدراڵی"، درۆیە و گەورەترین هەوڵی بەلاڕێدابردنە.

دەشڵێت، "ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر سیاسەتێکی دەوڵەتە کە بەبێ هیچ مەرج و سەودا و مامەڵەیەک خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە".

راوێژکارەکەی ئەردۆغان، گوتیشى، "لە پاش بانگەوازەکەی ئیمراڵی و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە، موخاتەبەکانی ئەم ئامانجە، ئەو کارەیان کرد کە داواکرا بوو".

مەهمەت ئوچوم ئاماژەی بەوەشکردووە، رەهەندی دوای ئەوە بریتییە لە جێبەجێکردنی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە لەڕووی کردارییەوە و نووسیویەتی، "ئەوەی کە دیارە ئەوەیە پرۆسەکە بە کرداریش بەڕێوەدەچێت و هەموو رۆژێک زیاتر ئەوە رووندەبێتەوە گەڕانەوە لە تورکیای بێ تیرۆر نییە".

ئوچوم جەختدەکاتەوە، پەیوەستکردنی سەرجەم ئەمانە بە بانگەشەی دەستبەرداربوون لە یەکپارچەیی جوگرافی و یەکێتیی سیاسیی تورکیا لە دەستووری نوێدا، "درۆیە و ئامانج لێی لەباربردنی پرۆسەکەیە".

ئەوەشی بەستووەتەوە بەوەی بناغەی دەستووری نوێ وەک چەندینجار ئاماژەی بۆ کراوە، بریتی دەبێت "لە کۆماری تورکیا، چوار ماددەی یەکەمی دەستوور و ئەزموونی دیموکراتی".