عەلی حەمەساڵح: رەشنووسی رێککەوتنی هەولێر و بەغداد دەرفەتێکی زێڕینە

عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست
عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست

عەلی حەمەساڵح دەڵێت، رەشنووسی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد دەرفەتێکی زێڕینە بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە. هۆشداریش دەدات، "لە حاڵەتی رەتکردنەوەی رەشنووسەکە، بارودۆخێکی نەخوازراو دێتەئاراوە".

عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بەرپرسیارێتیی یەکەمی قبوڵکردنی ئەو رەشنووسە لە ئەستۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە و ئەگەر پەسەندی نەکات دەبێت جێگرەوەی بە هاونیشتمانییان بڵێت".

لەبارەی وردەکاریی رەشنووسی رێککەوتنەکەوە بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست روونیکردەوە، "بەغداد داوای کۆی بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان دەکات، کە لە یاسای بودجەدا 400 هەزارە، بەڵام دەگوترێت ئێستا 280 هەزار بەرمیل نەوتە، بۆ هەر بەرمیلێکیش بەغداد 16 دۆلار دەداتە کۆمپانیاکان و پێویستیی ناوخۆش لە بەنزین و نەوتی سپی دابیندەکات، هەروەها لە رەشنووسی رێککەوتنەکەدا بەغداد داوای رادەستکردنی 50٪ـی داهاتی ناوخۆ دەکات و کێشەی مووچەش چارەسەر دەبێت".

سەبارەت بە هەڵوێستی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لەبەرامبەر ئەو رەشنووسی رێککەوتنەدا، عەلی حەمەساڵح دەڵێت؛ بەشی هەرەزۆری کۆمپانیاکان بە رێککەوتنەکە رازین و تاکە کێشە ئەوەیە، ئەوان داواکارن لەکاتی گەشتنی نەوتەکە بە بەندەری جەیهان، 16 دۆلارەکەیان دەستبەجێ بۆ خەرجبکرێت، بەڵام بەغداد دەڵێت، سیستمی پارە خەرجکردنی ئەوان مانگانەیە و ئەگەری چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەیە.