مەحمود مەشهەدانی و مەسرور بارزانی جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچە کردەوە

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە، بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ ئەوەی لەم چەند رۆژەدا کێشەکە چارەسەر بکرێت".

هەر لە راگەیەنەدراوەکەدا هاتووە، لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆکراوە، بە تایبەتی لە بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەردوولا جەختیان کردووەتەوە، پێویستە لە زووترین کاتدا، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. لەمبارەیەوە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بەردەوامن بۆ ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا، کێشەکە چارەسەر بکرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە پێویستیی رێزگرتن لە سیستمی فیدراڵیی عێراق و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان.