چاوەڕوان دەکرێت ئۆجەلان بانگەوازێک بۆ رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە بڵاوبکاتەوە

ساتی خوێندنەوەی پەیامەكەی 27ی شوباتی ئۆجەلان. فۆتۆ سیدار باسوت - كەناڵ8
ساتی خوێندنەوەی پەیامەكەی 27ی شوباتی ئۆجەلان. فۆتۆ سیدار باسوت - كەناڵ8

عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێک ئاڕاستەی پارتەکە دەکات و دواتر رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە بە ئامادەبوونی دەیان پارت و کەسایەتیی سیاسی و چالاکوان بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا، چاوەڕوان دەکرێت لە هەنگاوێکی نوێدا عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێک ئاڕاستەی پەکەکە بکات. لەپاش ئەوەش لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک لە ئەندامانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی چەکدانان رێکدەخەن. لەنێو ئەو کەسانەی لە رێوڕەسمەکەدا چەکەکانیان دادەنێن، بەرپرسانی باڵای پەکەکە بوونیان دەبێت و چاوەڕواندەکرێت تاوەکو سەرەتای هەفتەی ئایندە رێوڕەسمەکە کۆتاییهاتبێت.

هەر بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەکە، رێوڕەسمەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەگوازرێتەوە و دەیان پارتی سیاسی لە تورکیا، باکوور و هەرێمی کوردستان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ژوورەکانی پارێزەران و بازرگانی و رێکخراوەکانی عەلەوی و ژنان، نوێنەرانی پێکهاتە جیاجیاکان، زیاتر لە 100 رۆژنامەوان و دەیان کەسایەتیی سیاسی تیایدا بەشداردەبن.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەیەک لە هاوسەرۆکانی پارتی دەم، دەبەپە و هەدەکە و کەسایەتیی سیاسی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەشداری رێوڕەسمەکە دەکەن.