رەشنووسى رێککەوتنی هەولێر و بەغداد لە ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ دەکرێت

كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

رەشنووسى رێککەوتنێکی 10 خاڵی لەنێوان هەولێر و بەغداد لەبەردەم حکومەتى هەرێمى کوردستاندایە، بڕیارە تیمێک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بۆ دوایینجار سەرنج و تێبینییەکانى خۆی لەبارەیەوە بدات و دواتریش رەوانەی بەغدادی بکەن.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، بە ئامادەبوونى هەریەکە لە وەزیرانى سامانە سروشتییەکان و دارایی، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران، سەرۆکى دیوانى چاودێریى دارایى و سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون، لەگەڵ ژمارەیەک لە راوێژکارى دارایى و وزە، هەڵسەنگاندن بۆ رەشنووسەکە دەکەن و سەرنج و تێبینییەکانى خۆیان لەو بارەیەوە دەنووسن.

سەرچاوەکە راشیگەیاند، پاش ئەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرنجەکانى دەخاتەڕوو، رەشنووسەکە دەدرێتە دەست فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق و پاشان رۆژى دووشەممە حەوتى تەمموز رادەستى محەمەد شیاع سودانى دەکات.

رەشنووسى رێککەوتنەکە لە دانوستانەکانى پێشترى هەولێر و بەغداد ئامادەکراوە، بەڵام حکومەتى عێراق هەندێک دەستکاریى کردووە و سەرنج و تێبینى لەسەر نووسیووە و کۆتا رەشنووسى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووەتەوە.

بەگوتەى سەرچاوەکە، لەبارەی نەوت، داهاتی نانەوتی، تەوتین، هەولێر و بەغداد لە رێککەوتن نزیکن، گوتیشى، "لە حاڵەتى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، حکومەتى هەرێمى کوردستان داواى خەرجکردنى پشکى بودجە لە بەغداد دەکات نەک تەنیا مووچە".

لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەى رەشنووسەکەوە، بڕیارە سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق، رێککەوتنەکە پەسەند بکات.