نەوزاد شێخ کامیل: 295 هەزار و 435 تۆن گەنم وەرگیراوە و بەغداد پارەی گەنمەکەی نەناردووە

بەغداد تا ئێستا پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەمساڵ نەناردووە
بەغداد تا ئێستا پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەمساڵ نەناردووە

وادەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران تەنیا چوار رۆژی ماوە، تاوەکو ئێستا 295 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە و بەغداد هیچ بڕە پارەیەکیشی بۆ گەنمى بۆ جوتیاران نەناردووە.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "لە رۆژى 10ـى حوزەیران دەست بەوەرگرتنى گەنمى جوتیاران کراوە و وادەکە تاوەکو 10ـى تەمموزە، بەڵام داوایانکردووە چەند رۆژێکیان بۆ درێژبکرێتەوە و هەوڵەکانیان بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا رەزامەندى لەسەر نەدراوە".

راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕى 295 هەزارو 435 تۆن گەنم لە جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەرگیراوە، بەشێوەیەک لە پارێزگاى هەولێر 88 هەزار و 343 تۆن و 845 کیلۆگرام، لە پارێزگاى دهۆک 87 هەزارو 664 تۆن و 140 کیلۆگرام، لە پارێزگاى سلێمانى 119 هەزارو 427 تۆن و 950 کیلۆگرام لەجوتیاران وەرگیراوە.

وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریداوە، ئەمساڵ 400 هەزار تۆنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.

بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەوەشى خستەڕوو، "تاوەکو ئێستا بەغداد هیچ بڕە پارەیەکى بۆ جوتیارانى هەرێمى کوردستان رەوانە نەکردووە".

ئەوە لەکاتێکدایە، وەزارەتى دارایی عێراق بە سێ گوژمەى جیاواز، بڕى یەک تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ شایستەى دارایی گەنمى جوتیاران خستووەتەسەر هەژمارى دارایى وەزارەتى بازرگانى عێراق، کە جوتیارانى باشوورى عێراق و بەشێک لە ناوەڕاست، پارەى گەنمى ئەمساڵیان وەرگرتووە.