رۆژنامەی تورکیا: نووسینگەیەک بۆ ئۆجەلان ئامادەکراوە و خۆی هەماهەنگیی پرۆسەی چەکدانان دەکات

رۆژنامەیەکی نزیک لە دەسەڵاتی تورکیا بڵاویکردەوە، لە دوورگەی ئیمراڵی جێگەیەکی تایبەت بۆ ئۆجەلان جیاکراوەتەوە تاوەکو وەک نووسینگەى کارکردن بەکاریبهێنێت و خودی خۆی هەماهەنگی بۆ چەکدانانی پەکەکە دەکات.
رۆژنامەی تورکیا نزیک لە دەسەڵاتی تورکیا ژمارەیەک زانیاری لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی کە ئەنقەرە بە /تورکیای بێ تیرۆر" ناویدەبات، بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ژمارەیەک رێکاری نوێ لە دوورگەی ئیمراڵی لەبارەی هەلومەرجی کارکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گیراونەتەبەر و بەشێکی نوێ لە گرتووخانەکە ئامادەکراوە تاوەکو ئۆجەلان وەک نووسینگەى کارکردن بەکاریبهێنێت چونکە خودی خۆی هەماهەنگییەکان لەچوارچێوەی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە ئەنجامدەدات.
ئاماژە بەوەشکراوە، ژمارەیەک کەسی دیکە وەک ستافی سکرتاریەتی ئۆجەلان ئەرکدارکراون و چاوەڕوان دەکرێت دیدار و کۆبوونەوەکان لە ئیمراڵی و سەردانکردنی دوورگەکە زیادبکەن.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلان لەبارەی لەناوبردنی چەکەکان دەبێت، کە بە سەرپەرشتیی دەزگای هەواڵگریی تورکیا بەڕێوەدەچێت و سەرجەم ئامادەکارییەکان بە هەماهەنگی بەغداد و هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون.
لە هەواڵی رۆژنامەکەدا تیشکخراوەتە سەر ئەوەش رەنگە لەناوبردنی سەرجەم چەکەکان، تاوەکو پایز بخایەنێت و خودی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت چاودێریی پرۆسەکە دەکات و رێگە نادرێت چەکەکان ببرێنە وڵاتێکی دیکە.
رۆژنامەی تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم هەفتەیە چەندین بەرەوپێشچوونی گرنگ لە پرۆسەکەدا دێنە ئاراوە و چوارچێوەی ئەو لیژنەیەش کە بڕیار لە پەرلەمان پێکبهێنرێت، دیاریی دەکرێت.
06/07/2025