شاندی ئیمراڵی و عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە

شاندی ئیمراڵی و عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ماوەى دوو کاتژمێر و 30 خولەک کۆبوونەوە و پارتی دەم دەڵێت، سبەی شاندەکە لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "پارتی دەم"، رایگەیاند، شاندی ئیمراڵی پاش دیدارەکەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"، لە دوورگەی ئیمراڵی، گەڕاوەتەوە.

شاندی ئیمراڵی لە پەروین بوڵدان و میتحات سانجار، پەرلەمانتارانی وان و روحای پارتی دەم و ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتبوو.

وەک لە راگەیەندراوەکەی پارتی دەمدا هاتووە، دیدارەکەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان ماوەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاندووە.

پارتی دەم ئاماژەی بەوەکردووە، شاندی ئیمراڵی دەربارەی دیدارەکەی لەگەڵ ئۆجەلان، راگەیەندراوێکی نووسراو بڵاودەکاتەوە.

پارتی دەم دەشڵێت، سبەی شاندی ئیمراڵی بە جیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و هاوسەرۆکانی پارتی دەم کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەی میدیاکانی باکووری کوردستان و تورکیا، چاوەڕوان دەکرێت، ئۆجەلان لە رێگەی شاندی ئیمراڵییەوە، پەیامێک سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانان بۆ پارتەکەی بنێرێت.