نەتەوەیەکگرتووەکان: هەرێمى کوردستان ئاسانکاری بۆ ئاوارەکانى سووریا کردووە

ئاژانسی پەنابەرانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، UNHCR، لە راگەیەندراوێکدا، پێشوازی لە بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بە پێدانی 60 رۆژی دیکە وەک مۆڵەت بۆ رێکخستنی کارە یاساییەکانی ئاوارە و پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان.
ئاژانسەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پێزانینیان بۆ بڕیارەکەی هەرێمى کوردستان هەیە کە کارئاسانی بۆ مانەوەی یاسایی ئاوارە و پەنابەرانی سووریا بەبێ هیچ سزایەک دەکات.
باسی لەوەش کردووە، بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 15ـی حوزەیرانەوە دەرچووە و بەهۆیەوە رێگە بە دەیان خێزان و هاوڵاتیی دیکەی سووریا دەدرێت کە کێشەی ناسنامە و ڤیزای مانەوەیان هەیە، لە کوردستان بمێننەوە، بەوەش ئەو خێزانانەی کێشەی گەڕانەوەیان بۆ دروستبووە، کارئاسانییان بۆ دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی پەنابەران، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، دوو هەزار و 500 ئاوارە و پەنابەری سووریا ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمارکردووە، بەڵام ژمارەیەکیان کێشەیان بۆ دروستبووە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، ئاژانسی پەنابەرانى نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، پشتیوانیی حکومەتی هەرێمى کوردستان دەکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و لەپەیوەندیشدا دەبن بۆ ئاسانکاریی زیاتر.
06/07/2025