تورکیا گیانلەدەستدانی پێنج سەربازی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند

کاروانێکی سەربازیی سوپای تورکیا. فۆتۆ: AP
کاروانێکی سەربازیی سوپای تورکیا. فۆتۆ: AP

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، 19 سەربازیان لە ئەشکەوتێکى هەرێمى کوردستان بەر گازى میسان کەوتوون و پێنجیان گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لەبارەى رووداوەکەوە راگەیەندراوێکى بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، رۆژی یەکشەممە، شەشی تەمموز، هێزەکانیان بەمەبەستی کێوماڵکردن و دۆزینەوەی تەرمی سەربازێکیان کە 28ـی ئایاری 2022 گیانیلەدەستداوە، کێوماڵی ناوچەیەکەیان لە هەرێمی کوردستان کردووە و چوونەتە ئەشکەوتێک کە بە گوتەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، پێشتر لە دەستی پەکەکە دەرهێنراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کاتی چوونە ئەشکەوتەکە، 19 سەربازیان بەر گازی میسان کەوتوون و پێنج لە سەربازەکانیان پاش گەیاندنیان بە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەشکەوتەکە پێشتر وەک نەخۆشخانە بەکارهێنراوە.

هاوکات فەخرەدین ئاڵتون، سەرۆکی سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەربە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، وا دەردەکەوێت رووداوەکە بەهۆی دروستبوونی گازی میسانەوە بووە بە رێگەی سروشتیی لە ئەشکەوتەکەدا.