رووسیا دوو شارەدێی دیکەی لە ئۆکرانیا کۆنترۆڵکرد

سوپای رووسیا لە پێشڕەوییەکانی لەناو خاکی ئۆکرانیادا بەردەوامە و لە دوایین پێشهاتدا دوو شارەدێی دیکەیان لە دوو هەرێمی جیاواز کۆنترۆڵکرد.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، دوو شارەدێی دیکەیان لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کۆنترۆڵکردووە کە یەکێکیان لە هەرێمی دۆنێتسک و ئەوی دیکەیان لە هەرێمی خارکیڤ بووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، شارەدێی پیدوبنە لە دۆنێتسک و سۆبۆلیڤکا لە خارکیڤ کۆنترۆڵکراون و لەماوەی ساڵی رابردووشدا بەردەوامبوون لە پێشڕەوی.
هێرشەکانی رووسیا لەکاتێکدایە، سێ مانگ بەرلە ئێستا لەسەر داوای ئەمریکا، رووسیا و ئۆکرانیا یەکەم دانوستانی راستەوخۆیان لە ئیستانبوڵ و بەنێوەندگیریی تورکیا دەستپێکرد، بەڵام لە ئێستادا ئەمریکا بێ ئومێدبوونی خۆی لە گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ رووسیا دەربڕیوە و مۆسکۆش دەرگای گفتوگۆی داخستووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە مانگی حوزەیرانی رابردوو زۆرترین خاکی ئۆکرانیایان کۆنترۆڵکردووە و تاوەکو گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەردەوامدەبن.
06/07/2025