لە 10 رۆژدا لە تورکیا 761 ئاگر کەوتوونەتەوە

ئاگری دارستانەکانی تورکیا بەردەوامە
ئاگری دارستانەکانی تورکیا بەردەوامە

لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، 761 ئاگر لە ناوچەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کەوتوونەتەوە، کە دەکاتە 25٪ـی کۆی ئەو ئاگرانەی لە ماوەی ئەمساڵدا کەوتوونەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، سێ هەزار و 181 ئاگر لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیا کەوتوونەتەوە، کە هەزار و 351یان لە دارستانەکان بوون.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، 761 ئاگر کەوتوونەتەوە و سەرجەمیان کۆنتڕۆڵکراون.

بەو جۆرەش، 25٪ـی ئەو ئاگرانەی ئەمساڵ لە باکووری کوردستان و تورکیا کەوتوونەتەوە، تەنیا لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا بوون، کە 20 ئاگریان گەورە و فراوان بوون.

لە ساڵانی رابردوو زۆرترین ئاگر لە پارێزگاکانی رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای تورکیا کەوتوونەتەوە و بەگوێرەی ئامارەکان، نیوەی ئەو ئاگرانەی لە 10 ساڵی رابردوودا کەوتوونەتەوە، لە دارستانەکانی ئیزمیر، ئەنتاڵیا و موغڵا بوون، کە رووبەرێکی فراوان و چڕی دارستانیان هەیە.

لە 10 ساڵی رابردوودا، تەنیا لە سنووری پارێزگای ئەنتاڵیا، 67 هەزار و 512 ئاگر کەوتوونەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پلاتفۆرمی جیهانیی چاودێریی دارستانەکان، بەشێوەیەکی گشتی، ساڵانە لە تورکیا ئاگری دارستانەکان لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە دەستپێدەکەن و ماوەی 17 هەفتە دەخایەنن.

لە باکووری کوردستانیش، زۆربەی ئاگرەکان لە سنووری پارێزگاکانی خارپێت، مەڕەش و روحا دەکەونەوە.

زۆربەی دارستانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بە هۆکارە دەستکردەکان دەسوتێن و بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی دارستانەکانی تورکیا، تەنیا لە ساڵی 2024، سێ هەزار و 500 هێکتار زەوی بەهۆی سوتاندنی پوش و پەڵاشی زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە بوون بە قەرەپووت.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، 47.4٪ـی هۆکاری ئاگرەکان نادریارن، 29.5٪یان بەهۆی کەمتەرخەمی، 4.5٪یان بە مەبەست، 5.6٪ بەهۆی رووداوەوە و 13٪یان بە هۆکارە سروشتییەکان دەکەونەوە.