شاندی ئیمراڵی راگەیەندراوێکی لەبارەی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان بڵاوکردەوە

شاندی ئیمراڵی راگەیەندراوێکی لەبارەی دیدارەکەى لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە دوورگەی ئیمراڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئۆجەلان بۆچوونی وایە، پرۆسەکە چووەتە قۆناغێکی نوێ.
شاندی ئیمراڵی جگە لەوەی باسی لە باشیی دۆخ و تەندروستیی ئۆجەلان کردووە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتی دیدارەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان، هەواڵی گیانلەدەستدانی پێنج سەربازی تورکیایان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی گازی میسان پێگەیشتووە و ئەو هەواڵەش "نیگەرانیی قوڵ"ی لای ئۆجەلان و شاندەکە دروستکردووە.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئۆجەلان باسی لەوەکردووە، لەگەڵ هەنگاوەکانی داهاتوودا، هەمووان بەرپرسیارییەتییان لەبارەی پرۆسەکە دەکەوێتە سەرشان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی شاندی ئیمراڵی، ئۆجەلان دیدارەکەی سبەى دووشەممەى شاندی ئیمراڵی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای بە گرنگ و مێژوویی ناوبردووە.
راگەیەندراوەکە باسی لەوەشکردووە، ئۆجەلان گوتوویەتی، پێکهێنانی لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەکە، رۆڵی گەورە لە ئاشتی و چارەسەر دەبینێت.
شاندی ئیمراڵی دەڵێت، ئومێد، باوەڕ و متمانەیەکی زۆر بەهێزمان لای ئۆجەلان بینی سەبارەت بەوەی پرۆسەکە بەشدارییەکی گرنگی دەبێت لە دیموکراتیزەکردنی تورکیا.
ئەمڕۆ شەشى تەمموز شاندى ئیمراڵى کە پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان و میتحات سانجار، پەرلەمانتارانی وان و رحای پارتی دەم و ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان سەردانى دوورگەى ئیمراڵیان کرد و بۆ ماوەى دوو کاتژمێر و 30 خولەک لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە.
پاش ئەوەی ساڵی رابردوو، دەوڵەت باخچەلی داوای دەستپێکردنەوەی دیدارەکانی ئیمراڵی کرد، پاش چوار ساڵ و لە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، عومەر ئۆجەلان، برازای ئۆجەلان سەردانی ئیمراڵی کرد و مامی بینی.
لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، شاندی ئیمراڵی، کە پێکهاتبوون، لە پەروین بوڵدان و سڕی سوورەیا ئۆندەر، بۆ یەکەمجار سەردانی ئیمراڵییان کرد.
شاندەکە رۆژی 22ـی کانوونی دووەمی 2025 بۆ دووەمجار سەردانی ئیمراڵی کرد.
لە 27ـی شوباتی 2025یش، شاندێکی حەوت کەسیی بۆ سێیەمینجار، سەردانی ئیمراڵی کرد و دواتریش گەڕانەوە ئیستانبوڵ و بانگەوازەکەی ئۆجەلانیان خوێندەوە.
رۆژی 21ـی نیسانی 2025، شاندی ئیمراڵی کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، بۆ چوارەمینجار سەردانی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە، لەم دیدارەدا بەهۆی نەخۆشکەوتنییەوە سڕی سوورەییا ئۆندەر نەیتوانی بەشداری بکات.
رۆژی 18ـی ئایاری 2025، شاندی ئیمراڵی کە لە هەریەک لە پەروین بوڵدان و ئۆزگور ئەرۆڵ پێکهاتبوون، بەمەبەستی دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان، سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد.
رۆژی 26ـی حوزەیرانی 2025، پەروین بوڵدان پاش ئەوەی لەگەڵ میتحات سانجار، ئەندامی نوێی شاندی ئیمراڵی سەردانی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیایان کرد، رایگەیاند، رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە کۆدەبنەوە و دواتریش سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، لە زیندانی ئیمراڵی دەکەن.
06/07/2025