کوێستان محەمەد: کەناڵ8 راستگۆ نەبوون و پرسیارى مووچەیان لێکردم

کەناڵ8 06/07/2025

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمى کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، کەناڵ8 راستگۆ نەبوون لەگەڵیدا و لە بەرنامەى تارگێتى کەناڵەکە میوان بووە و پرسیارى مووچەى لێکراوە.

کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمى کوردستان روونکردنەوەیەکى لەبارەى میوانداریی لە بەرنامەى تارگێتى کەناڵ8 بڵاوکردووەتەوە کە دووى ئەم مانگە پەخشکرا و دەڵێت، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کە یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە مافی کرێکار و دەستەبەرکردنی کرێکاران، کەناڵ8 چەند جارێک پەیوەندییان پێوەکردووە تاوەکو لەسەر خاڵی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە دیمانەیەکی لەگەڵ بکەن.

دەشڵێت، رازیی بووە بەو مەرجەی تەنیا لەسەر خاڵی دووەم قسە بکات، کە مەبەستى بووە زانیاریی لەسەر پرسى مافی کرێکار و دەستەبەرکردنی کرێکاران بدات، بەڵام بەداخەوە کەناڵەکە راستگۆ نەبوون لەگەڵیدا و کەمترین کاتیان بۆ ئەو بابەتە تەرخانکرد کە بانگێشت کرابوو بۆی.

وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى دەشڵێت، نەدەکرا لە دیمانەکەدا کە راستەوخۆبوو ستۆدیۆ بەجێبهێڵێت.

باسى لەوەشکردووە، هەڵایەک بە بەرنامەرێژی و دەستی سیاسی لەسەر وەڵامەکانى لە بەرنامەکەدا دروستکراوە کە گوتوویەتى وەزارەتی دارایی ۱٦٠ ملیار دیناری لەبەردەستە.

کوێستان محەمەد دەڵێت، ئەو وەڵامە قسەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و ئابووریش بووە ئەو گوتوویەتیەوە، ئەوەش بە مانای ئەوە نەبووە کە داهات ئەوەندەیە، بەڵکو گوتیان لەئێستادا ئەوەندە لەبەردەستە، سەبارەت بەداهاتی نەوتیش تەنیا قسەی وەزیری سامانە سروشتیەکانى گوتووەتەوە، هەردوو زانیارییەکەش پێش دیمانەکەى ئەو، میدیاى دیکە بڵاویانکردووەتەوە.

وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵاتى هەرێمى کوردستان لە روونکردنەوەکەیدا باسى لەوەشکردووە، ئەو یەکێکە لەو وەزیرانەی زۆرترین بەدەمەوەچوون و خەم و پەرۆشی بۆ هەژار و لێقەوماوان هەبووە و بەردەوام لە ناویاندا بووە، چەندین جار لە رێگەی دەوڵەمەند و خێرخواز و کۆمپانیاکانەوە سواڵى بۆ کردوون و چەندین جار چووەتە بەغداد و لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەکان کۆبووەتەوە بۆ بەرگریکردن لە مافی کەمئەندامان و خێزانە هەژارەکان.

وەک ئەو دەڵێت، ئەوانەی لەنزیکەوە دەیناسن، ئەزانن مانگانە بەشێکی مووچەکەى دەبەخشێت، بەڵام بەداخەوە بەبەرنامە و بۆ مەرامی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن، قسەکانى شێوێندراوە و هەوڵی چەواشەکردنی رایگشتی و تێکدانی دەروونى هاونیشتمانییان دەدرێت.

روونکردنەوەکەى کوێستان محەمەد لەکاتێکدایە، بەشێک لە وەڵامەکانى لە بەرنامەى تارگێتى کەناڵ8، لە پلاتفۆڕمەکانى سۆشیالمیدیا بڕدرا و بڵاوکرایەوە، کە باس لە بوونى تەنیا 160 ملیار دینار دەکات لە ئێستادا لەبەردەستى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان.

کەناڵ8

06/07/2025