شاخەوان عەبدوڵا: سبەی شاندى هەرێمى کوردستان و بەغداد کۆدەبنەوە

جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، سبەی لە بەغداد کۆبوونەوەکانى نێوان هەردوو شاندى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن لەسەر پرسى مووچە.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە پەڕەى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک نووسیویەتى، هاتنى مەحمود مەشهەدانى، سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرکردنى پرسى مووچە بووە و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمى کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبووەتەوە.
دەشڵێت، چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان ئامانجی سەرەکی سەردانی سەرۆکی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بووە، لە تەواوی کۆبوونەوەکاندا باس لە چارەسەرکردن و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران بە زووترین کات کراوە.
شاخەوان عەبدوڵا راشیگەیاندووە، گفتوگۆکان قۆناغی زۆر باشیان بڕیوە و سبەی لە بەغداد، هەردوو شاندى هەرێمى کوردستان و بەغداد کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن.
بەگوتەى جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان، حکومەت و خودى مەسرور بارزانی زۆر هاوکار بووە تاوەکو ئەو ئاستەی هەندێکجار دەستبەرداری هەندێک مافی یاسایی هەرێمى کوردستان بووە لەو پێناوەدا.
06/07/2025