هاتووچۆ: لە رێگەى ئەپێکەوە دەتوانرێت سزاى پێ بژاردن بدەن

بەڕێوەبەرایەتى گشتى هاتووچۆى عێراق، رایگەیاند، لە رێگەى ئەپڵیکەیشنێکەوە شۆفێران دەتوانن، لە چۆنێتى سزاکانیان ئاگادار بن و هەر لە رێگەى ئەو ئەپڵیکەیشنەوە دەتوانن سزاى پێ بژاردنەکانیان بدەن.
هاتوچۆى عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەشکردووە، تۆمارکردنى سزاکانى هاتووچۆ لە رێگەى رادارەکانى شەقامەکان، لە 1ى تەمووزەوە کەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و ماوەى 24 کاتژمێر بە بەردەوامى کاردەکەن.
بەڕێوەبەرایەتى گشتى هاتووچۆى عێراق، ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئەپڵیکەیشنەکە ناوى چاوى عێراقە (عین العراق)، هەوڵێکە بۆ ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتییانى عێراق و زانینى سزاکانی شۆفێریکردنیان، دووپاتیشیکردەوە، لە رێگەى ماستەر کاردى ئەلیکترۆنییەوە شۆفێران دەتوانن سزا پێبژاردنەکانیان بدەن، داواش لە سەرجەم شۆفێران دەکەین، ئەپەکە لە مۆبایلەکانیان داببەزێنن، هەر ئاگادار کردنەوەیەک هەبێت لەسەر سزاکانیان راستەوخۆ پێیان دەگات.
بە گوێرەى داتا و زانیارییەکانى وەزارەتى پلان دانانى عێراق، کە لە رێگەى پڕۆسەى سەرژمێریی دەستیکەوتووە، زیاد لە هەشت ملیۆن ئۆتۆمبیل لە عێراقدا هەیە، بە تەنیا لە بەغداد چوار ملیۆن ئۆتۆمبیل تۆمار کراون.
06/07/2025