پوتن: تاک جەمسەریی بووە بە رابردوو

ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکى رووسیا، وێنە: AA
ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکى رووسیا، وێنە: AA

ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکى رووسیا رایگەیاند، جیهان گۆڕانکاریى بنچینەیی دەبینێت، سیستمى تاک جەمسەریی بووە بەشێک لە رابردوو.

سەرۆکى رووسیا، لە میانەى کۆبوونەوەى گشتى لووتکەى کۆمەڵەى بریکس رایگەیاند، "هەموومان جیهان دەبینین کە گۆڕانکارییەکى بنچینەیی تیایدا روودەدات، لەبەرئەوەى سیستمى تاک جەمسەری کە خزمەتى بەرژەوەندییەکانى ملیارى زێڕین دەکات بووەتە رابردوو.

پوتن، ئاماژەى بەوەشکرد، کۆمەڵەى بریکس پەرە بە بوونى خۆى دەدات لە جیهاندا، چونکە کاریگەرییەکانى کۆمەڵەکە و شوێن و پێگەى ساڵ بە ساڵ فراوان دەبێت.

گوتیشى، وڵاتانى ئەندام لە کۆمەڵەى بریکس، بەردەوام دەبن لە قوڵکردنەوەى هاریکارییەکانیان لە بوارە سەرەکییەکانى سیاسەت، ئاسایش، ئابوورى و دارایی و پەیوەندییە رۆشنبیری و مرۆییەکان.

ساڵانە کۆبوونەوەى وڵاتانى ئەندام لە کۆمەڵەى بریکس لە شارى ریۆ دى جانیرۆى بەڕازیل بەڕێوەدەچێت، بە مەبەستى تاوتوێکردنی پلانەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی بلۆکى رۆژئاوا، بڕیارە لووتکەکە ماوەى سێ رۆژ بخایەنێت، سەرەتا کۆمەڵەکە لەلایەن هەریەک لە رووسیا و بەڕازیل و چین و هیندستان، بونیادنرا، پاشان ئەندامێتى کۆمەڵەکە فراوان بوو بوو بە نۆ وڵات، کە هەریەک لە وڵاتانى، میسڕ، ئەسیوبیا، ئێران، ئیمارات و ئیندۆنیزیاش هاتنە پاڵ کۆمەڵەکە و بوونە ئەندام، جگە لەوانەش 40 وڵاتى دیکە پێشنیازى ئەندامێتییان داوەتە کۆمەڵەى بریکس، بەڵام تاکو ئێستا نەبوون بە ئەندام.