ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازی لە سووریا لەناوبرد

یەکێک لە بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر سووریا
یەکێک لە بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر سووریا

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکانیان لە باشووری سووریا بۆ لەناوبردنی پێگە سەربازییەکانی سەربە دەسەڵاتی پێشووی سووریا بەردەوامە.

ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بۆ میدیای عەرەبی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، "لیوای 810 چالاکییەکی لەناو خاکی سووریا بە وردی بە ئەنجامگەیاندووە".

دەشڵێت، هێزەکانیان بە هاوکاریی تیمی تەکنیکیی تایبەت، هەڵساون بە لەناوبردنی چەند پێگەیەکی تایبەت بە دەسەڵاتی پێشووی سووریا.

بە گوتەی ئەدرەعی، ئەو پێگانە هەڕەشەی راستەوخۆیان بۆسەر ئیسرائیل دروستکردووە، کە  دەکەونە ناوچەی جەبەل شێخ.

ئەم ئۆپراسیۆنەی سوپای ئیسرائیل لەکاتێکدایە، پێشتر چەند سەرچاوەیەکی سووری رایانگەیاندبوو، گفتوگۆی راستەوخۆ لەنێوان تەلئەڤیڤ و دیمەشقدا بەڕێوەدەچێت، بەمەبەستی رێککەوتنی ئەمنیی سنووردار و ئەگەری کشانەوەی ئیسرائیل لەچەند ناوچەیەکی باشووری سووریا.