وڵاتانی بریکس سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئێران دەکەن

وڵاتانی بریکس راگەیەندراوی کۆتایی لوتکەکەیان بڵاوکردەوە، تیایدا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئێرانیان کرد و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانى دەزانن، داوای ئاگربەستێکی بێمەرجیش بۆ غەززە دەکەن.
لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەی لوتکەی بریکسدا هاتووە، نیگەرانن بەرامبەر بە سەپاندنی باجە گومرگییەکان لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە و ئەو رێوشوێنە گرژییەکان لە سەرانسەری جیهاندا قوڵتر دەکاتەوە.
دەربارەی هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێرانیش، وڵاتانى بەشدار لە لوتکەى بریکس بەبێ ئاماژەدان بە ئەنجامدەرانی هێرشەکان دەڵێن: "هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێران پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و سەرکۆنەی دەکەین".
سەبارەت بە شەڕی غەززەش، داوایان لە دانوستانکاران کرد، بگەن بە ئاگربەستێکی بێمەرج، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەو شەڕە، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەن بە نیازپاکییەوە بەشداریی دانوستانەکان بکەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ و هەمیشەیی و بێمەرج و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
06/07/2025